Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرز و پیرۆز بێت جەژنی كرێكاران

فازڵ میرانی

‎ڕۆژی 1ی ئایار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕۆژێكی گەش و پرشنگدارە، لەو ڕۆژەدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیی خۆی بۆ چینی كرێكاران دەربڕی و لە هەموو جیهاندا بە شكۆوە ڕێز لە كرێكاران و ڕۆڵی فراوان و كاریگەریان دەگیرێت.

‎دوای شۆڕشی پیشەسازی، كرێكاران بوون بە گەورەترین چین و توێژی هەموو كۆمەڵگایەك، بە تایبەتی كە كرێكاران بزوێنەر و چاوگی گەشە و بەرهەم و بووژانەوە و پێشكەوتنن. ئەمڕۆ ئیدی هیچ كۆمەڵگەیەكی سەردەم ناتوانێت دەستبەرداری كرێكاران ببێت، ئەوان دیرەگه‌ و ستوونی دەوڵەت و جڤاكن، ڕێی گەشە و بووژانەوە بەنێو لەپی ئەواندا تێپەڕ دەبێت، دەست و مەچەك و ڕەنجی ئەوانە لە هەموو شوێنێك لە شێوەی پێشكەوتن و بووژانەوەدا خۆی دەنوێنێت.

‎لەم ڕۆژگارەدا تەكنیك و تەكنۆلۆژیای سەردەم هەڕەشە لە هێز و دەستی كار دەكات، بە تایبەتی لە كرێكاران بەوەی گەورەترین و فراوانترین چین و توێژی نێو كۆمەڵگەن، ئەمەش ئەركی ئەوە دەخاتە ئەستۆی هەر حكوومەتێك كە پلان و بەرنامەڕێژی بكات بۆ بەرەنگار بوونەوەی بێكاری و دابینكردنی زۆرترین دەرفەتی كار بۆ كرێكاران، لە ڕێی كردنەوەی دەروازە و بواری نوێ بۆ كار و وەگەڕ خستنی دەستی كار، ئەو دەستی كارەی بەرهەم و خزمەت لە هەمەجۆر بواری بێ سنووری خزمەت و بەرهەم، دەستەبەر دەكات.

‎كرێكارانی كوردستان و عێراق دەستێكی باڵایان لە بنیات نانی وڵات و بەهێزكردنی ژێرخانی نیشیتمان لە هەموو بوارێكی بەرهەم و خزمەتدا هەیە، بە دڵنیاییەوە بەشێكی زۆری گەشە و بووژانەوەی وڵاتمان وابەستەی كار و بەرهەمی كرێكارانە، وابەستەی ڕەنج و هەوڵی دڵسۆزانەی ئەوانە، كە ماندوو نەناسانە ڕەنج دەكێشن و خزمەتی گەل دەكەن و وڵات ئاوەدانتر دەكەنەوە.

‎بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی 1ی ئایار جەژنی كرێكاران، هیوای ژیانێكی شاد و پڕ بەرهەم و داهێنان بۆ كرێكارانی كوردستان و تەواوی جیهان دەخوازین.

 

‎بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان