Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی نووسەری گەورەی کورد عەبدولخالق مەعرووف، مەراسیمێک سازکرا

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژی سێشەممە 23ـی 4ـی 2024 لە هۆڵی ڕاگەیاندن لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بەئامادەبوونی د. سالار عوسمان، لە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی نووسەری گەورەی کورد عەبدولخالق مەعرووف، مەراسیمێک سازکرا

ڕۆژی سێشەممە 23ـی 4ـی 2024 لە هۆڵی ڕاگەیاندن لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بەئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەش و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی 2ـی پ.د.ک و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و ئامادەبوونی بنەماڵەی شەهید و ڕووناکبیران و نووسەر و میدیاکاران، بەناونیشانی (یادی کتێبێکی خوێناوی) مەراسیمێک بۆ (39)ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدکردنی نووسەر و ڕووناکبیر (عەبدولخالق مەعرووف) بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لە یاد دەستیپێکرد و، پاشان وتارێک لەلایەن د. سالار عوسمان پێشکەشکرا و، وێڕای بەخێرهێنانی میوانان، ئاماژەی بەوەکرد: شەهید عبدولخالق مەعرووف تەکنیکارێکی بە ئاگا و نووسەرێکی بوێر و تێکۆشەرێکی سەر ڕاستی ڕێگای ئازادی و کوردایەتیی بوو، هەرلە هەڕەتی لاوێتییەوە دەچێتە نێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆرشی ئەیلول و، ماڵی گەرمی ئێزگەی دەنگی کوردستان دەکات بە ماڵ و سەنگەری سەفەر و لەو پێناوەدا خەبات دەکات.

لە درێژەی چالاکییەکەدا فیچەرێک سەبارەت بە ژیانی و بەرهەمەکانی شەهید و پارچە شعرێکی شێرکۆ بێکەس کە بۆ شەهید (عەبدولخالق مەعرووف) نووسیبووی، لەسەر ڕوونمای هۆڵ بۆ ئامادەبوان نمایشکرا.

وتاری یەکێتی نووسەرانی کورد/مەڵبەندی گشتی و وتەی خانەوادەی شەهید، بەشێکی دیکەی مەراسیمەکە بوون و پاشان تابلۆیەکی موزیک لەلایەن هونەرمەند (هۆشیار کەریم) پێشکەشکرا.