Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ پەنجا ساڵ بەسەر بۆردومانی قەڵادزێ تێدەپەڕێت

قەڵادزێ -KDP.info- ئەمڕۆ پەنجا ساڵ بەسەر ڕووداوی بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ تێدەپەڕێت و بڕیارە ھەر ئەمڕۆ لە شاری قەڵادزێ دیداری قەڵادزێ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

عومەر ھەمزە، شارەزای مێژووی قەڵادزێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ٢٤ی نیسانی ساڵی ١٩٧٤ لە ڕێگەی چوار فڕۆکەی جەنگیەوە شاری قەڵادزێ لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی عێراقەوە بۆردومان کراو بەچەکی قەدەغەکراوی ناپاڵم شوێنە مەدەنیەکان کرانە ئامانج، لە ئەنجامی کارەساتی بۆردومانی قەڵادزێ ١٣٤ ھاووڵاتی سڤیل شەھیدبوون و ١٥٢ ھاووڵاتی دیکەش برینداربوون، بەداخەوە ھەموو ئەو  شوێنانەی لە کارەساتی قەڵادزێ کرابوونە ئامانج شوێنی مەدەنی بوون لەوانەش ١١٨ خانووی ھاووڵاتیان و نۆ دووکان و ژمارەیەک فەرمانگەی میری".

ئەو شارەزایەی مێژووی قەڵادزێ دەشڵێت: "ڕژێمی عێراق بەوەش نەوەستا ڕۆژی ٢٤ی نیسانی ساڵی ١٩٨٢ جەماوەری قەڵادزێ دەیانویست یادی شەھیدانیان بکەنەوە، بەڵام لەلایەن دەزگاکانی ئەمن و ئیستیخباراتی عێراق ھێرش کرایە سەر خۆپێشاندەران و لە ئەنجامدا سێ ھاووڵاتی دیکە شەھیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون و دەستگیکران".

عومەر ھەمزە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئەمڕۆ چوارشەممە لە یادی پەنجاھەمین ساڵوەگەڕی بۆردومانی قەڵادزێ لەلایەن مەکتەبی ڕێکسختنی پارێزگای سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەژێر دروشمی پشدەر لانەی شۆڕش بووە و پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر ھەیە دیداری قەڵادزێ بەڕێوەدەچێت و دیدارەکە چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت و لە ھۆڵی ڕۆشنبیری قەڵادزێ بەڕێوەدەچێت".

قائید میرۆ