Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دڵنیاین بڕیاری دیکەش لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان دەدرێت

دھۆک-KDP.info- پسپۆرێکی ئابووری پێی وایە، بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی باج و داشکاندنی قەرزی حکوومەت لای ھاووڵاتیان سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی پەیداکردووە دەشڵێ، لە داھاتوودا بڕیاری دیکەش لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان دەدرێت.

دکتۆر کاوە عەبدولعەزیز، پسپۆری ئابووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کاریگەری بڕیارەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەت زۆر ئەرێنی بوون لەسەر گەشەکردنی بازاڕەکانی ھەرێمی کورستان و جووڵەی خستووەتە بازاڕ، چونکە ئەو بڕیارانەی دراون لەلایەن سەرۆکی حکوومەت ئاشکرایە بۆ ئەوەیە ئەو قەیرانەی ڕووی لە خەڵکی کوردستان کردووە کەم بکرێتەوە، بەتایبەتی بابەتی داشکاندن و لێخۆشبوون لە ھێنانی ئاژەڵ و کرێی ئاو و کارەبا و کەمکردنەوەی باج لەسەر ھەندێک کەلووپەل و پیشەکان ئەوانە ھەموو ئەو خاڵانەن لە بەرژەوەندی خەڵک و بازاڕی ھەرێمی کوردستان".

ئەو پسپۆرەی ئابووری دەشڵێت: "دابەشکردنی بەشێک لە شایستە داراییەکانیش کاریگەریان لەسەر بازاڕ ھەبووە و ڕاستە فەرمانبەر سوودمەندی سەرەکیە لە دابەشکردنی مووچە، بەڵام جووڵەی لە بازاڕ پەیداکردووە و کاریگەری لەسەر ھەموو کەرتەکان ھەبووە، ھەتا دەتوانم بڵێم بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونیشی پەیداکردووە لەناو ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان".

دکتۆر کاوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "حکوومەتی ھەرێم ھاووڵاتی کردووەتە سەنتەر و ئێمە دڵنیاین لە داھاتوو بڕیاری دیکەش لەلایەن مەسروور بارزانی لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان بدرێن، بەپێی بەرنامەکانی حکوومەت تا ئەو قەیرانە دەستکردەی بۆ ھەرێمی کوردستان دروستکراوە بەرەو چارەسەر بچێت ڕەنگدانەوەی لەناو خەڵکدا دەبێت، حکوومەت بۆ خزمەتی خەڵک دروست کراوە و لە داھاتوو ھەنگاوی باشتر و پڕۆژەی ستراتیژی و گەڕانەوەی پێشینەکانیش دەگەڕێنەوە ئەگەر ڕەوشی ئابووری ھاوکاربێت".

 

قائید میرۆ