زاخۆ _KDP.info_ بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ دەڵێت، قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ دەستی پێکردووە و لە مانگی ئابی ئەمساڵ بەشێکی دەکرێتەوە. دەشڵێ: خابووری زاخۆ دەبێتە گەورەترین کۆڕنیش لە ئاستی عێراق.
چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: قۆناغی دووەمی پڕۆژەی کۆڕنیشی زاخۆ دەستی پێکردووە و سێ ئەوەندەی قۆناغی یەکەمە، کارکردن لە پڕۆژەکەدا بەردەوامە و بڕیارە لە مانگی ئابی ئەمساڵ بەشێکی قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ بەڕووی گەشتیاراندا بکرێتەوە، پڕۆژەکە لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و دەبێتە گەورەترین کۆڕنیش لە ئاستی عێراق .. خابووری زاخۆ ھەمووی دەکرێتە کۆڕنیش.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ دەڵێت: پڕۆژەی کۆڕنیشی زاخۆ کاریگەری ھەبووە لەسەر ڕاکێشانی گەشتیار بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چونکە تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٣٠٠ ھەزار گەشتیار لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان سەردانی شاری زاخۆی کردووە، ئێمە زیاتر گرینگی بە گەشتیاری ناوخۆ دەدەین، لەبەر ئەوەی لە ڕووی داھاتیشەوە گەشتیاری ناوخۆ داھاتی زیاترە.
چیا ئەمین ڕوونیکردەوە: ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری دیکەیش لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ دەکرێن، لەوانە پڕۆژەی باخچەی ئاژەڵان و پڕۆژەی گەلی زاخۆ و دروستکردنی چەندین ھۆتێلی پێنج ئەستێرە، کەرتی تایبەتییش چەندین پڕۆژەی ھەیە لە زاخۆ، دوای تەواوبوونیان شاری زاخۆ دەچێتە قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتن.
قائید میرۆ