Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بایدن: هاوبه‌شی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا زۆر گرنگه‌.. سوودانی: پەیوەندییەکانمان پتەوتر دەبن

ئه‌مه‌ریكا-KDP.info- ئه‌مڕۆ 15ـی نیسانی 2024 له‌ واشنتن سوودانی و بایدن كۆبوونه‌وه‌ و تێیدا چه‌ند پرسێكی گرنگی هاوبه‌شیی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكایان تاووتوێكرد.

سه‌ره‌تا جۆ بایدن به‌خێرهاتنی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی كرد و رایگه‌یاند، "ده‌مه‌وێ باسی ئه‌و بابه‌تانه‌ بكه‌ی كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رووده‌ده‌ن، خۆت ده‌زانی ئێران هێرشیكرده‌سه‌ر ئیسرائیل، ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵی خۆماندا هاوكاری ئیسرائیل بكه‌ین و شكستمان به‌و هێرشه‌ی ئێران هێنا".

بایدن راشیگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا پابه‌نده‌ به‌ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، هه‌روه‌ها پابه‌ندیشین به‌ ئاگربه‌ستی غه‌ززه‌ له‌به‌رامبه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی رفێندرراوه‌ ئیسرائیلییه‌كان، جیا له‌وه‌ش پابه‌ندین به‌ پاراستنی هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌ت له‌ عێراق.

بایدن ده‌شڵێت، هاوبه‌شی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا زۆر گرنگه‌، له‌ ده‌ ساڵی رابردوودا سه‌ربازه‌كانی ئێمه‌ شانبه‌شانی سه‌ربازه‌ عێراقییه‌كان كاریان بۆ له‌ناوبردنی داعش كردووه‌.

گوتیشی: ئێمه‌ چوارچێوه‌ و رێككه‌وتنێكی ستراتیژیمان له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌ و هاوبەشیمان لەگەڵ عێراق بۆ هەردوو گەلمان گرنگە.

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سوپاسی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی كرد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی چاوی له‌ سه‌ربه‌خۆیی وزه‌ و ئابووری عێراقه‌.

هه‌روه‌ها وێڕای سوپاسكردنی بایدن له‌به‌رامبه‌ر بانگهێشتكردنیان بۆ واشنتن، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، رژدین بۆ كاراكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی چوارچێوه‌ی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا.

سوودانی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، داوا ده‌كه‌ین ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌ فراوانتر نه‌كرێت.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، رێككه‌وتنی چوارچێوه‌ی ستراتیژی، نه‌خشه‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی داهاتووی عێراق و ئه‌مه‌ریكایه‌.

گوتیشی: به ئەنجامی لیژنەی هەماهەنگیی باڵای نێوان عێراق و ئەمەریکا پابەند دەبین.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، شه‌ڕی دژ به‌ داعش بنه‌مای مامه‌ڵه‌ی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا بووه‌ به‌ درێژایی ده‌یه‌ی رابردووه‌ و پێكه‌وه‌ به‌سه‌ر تیرۆر سه‌ركه‌وتین. سوودانی هه‌روه‌ها گوتی: سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش كارێكی زۆر گرنگ بووه‌.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکا پتەوتر دەبن.

سوودانی ده‌شڵێت، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندی ئەمنی و سەربازیی دەکەین.

سوودانی ئاشكراشی ده‌كات، پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکا بە قۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕێت.

رۆژی‌ 13ی‌ نیسانی‌ 2024، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌ر له‌ به‌ڕێكه‌وتنی بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، رایگه‌یاند،‌ به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی له‌سه‌ر بانگهێشتی جۆ بایدن سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا سه‌ردانی‌ واشنتن ده‌كات و له‌ كۆشكی سپی له‌گه‌ڵ بایدن كۆده‌بێته‌وه‌ و تاووتوێی په‌یوه‌ندیه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌كه‌ن.

 

سەرۆكوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی لە 13 تا 19ی ئەم مانگە لە ئەمه‌ریكا دەبێت.