بەغدا _KDP.info_ جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق بەبۆنەی ٣٦ ساڵەی یادی ئەنفال بەیاننامەیەک بە زمانی کوردی دەخوێنینەوە و تێیدا داوامان کردووە کەسوکاری ئەنفالکراوان قەرەبوو بکرێنەوە و کارەساتی ئەنفال لەسەر ئاستی جیھان و نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێندرێت.
شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق وەک لیژنەی شەھیدان بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٦ ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالدا بەیاننامەیەک بە زمانی کوردی دەخوێنینەوە، بەدرێژایی مێژووی عێراق کارەسات بەسەر گەلی کورددا ھاتووە، بەڵام سەردەمی بەعس پرۆسەی تەعریب و ئەنفال و جینۆساید زیاتر چڕ کراوەتەوە، دوای ئەنفال و جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی و بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٨٨ ئەنفال گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار.
جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان دەشڵێت: بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی ٣٦ ساڵ بەسەر پرۆسەی ئەنفال ھێشتا کەسوکاری شەھیدان قەرەبوو نەکراونەتەوە و ئێمە داوای قەرەبووکردنەوەیان کردووە، ھەروەھا کارەساتی ئەنفال لەسەر ئاستی جیھان و نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێندرێت، بەگوێرەی دەستووری عێراقیش ئەرکی قەربووکردنەوە و بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال لە ئەستۆی حکوومەتی فیدڕاڵە، لەلایەکی دیکەوە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت، داوامان کردووە ھەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
شوان کەلاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەیانیش لە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق پێشانگەیەک دەکرێتەوە و چەندین پەیڤ بەبۆنەی یادی ٣٦ ساڵەی ئەنفالکردنی گەلی کورد پێشکەش دەکرێن، ئێمەیش وەکو لایەنە کوردستانییەکان بەشداری دەکەین و ژمارەیەک کەسوکاری ئەنفالکراوانیش لە گەرمیانەوە لە چالاکی سبەی بەشداری دەکەن.
قائید میرۆ