Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی شەممە 30ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا ڕۆمانسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان، پەیوەست بەو بابەتە و بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و داواكاری و مەرجەكانی پارتی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو كە لە نیگەرانی و تێبینیەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و داواكاری و مەرجەكانی پارتیان لەگەڵ یونامی و لایەنە سیاسیەكانی عێراقی باسكردووە و ئەمەریكا خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە دیالۆگ بەردەوام بێت.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی پەرۆشی و دۆستایەتیی ئەمەریكای كرد و ئاماژەی بەوەدا كە پارتی هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە، بەڵام لایەنەكانی تر دووساڵ بەربەست بوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئێستاش بە پشتیوانی دەرەكی هاتوون لەڕێگەی دامەزراوەیەكی نادەستووری شێوازێكی وا لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەسەپێنن كە دوورە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ساڵی 2014ـەوە یاریی سیاسی بە بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان دەكرێت، ئەویش بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان.

سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا كە شەڕی برسیكردنی خەڵكی كوردستانیان كردووە بۆ بێزاركردنی خەڵك. عێراق لەمێژە سیاسەتی گۆشەگیركردن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەبەر و ئێستایش دادگەی فیدڕاڵ وەك چەك و ئامرازێك بۆ بەردەوامیی ئەو سیاسەتە بەكار دەهێندرێت.

هەر لەو كۆبوونەویەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی زۆر ڕوونە. پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێك دایە كە شەفاف بێت و تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و سەپاندنی شێوازی نایاسایی بە جۆرێك كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامەكان لە  بەرژەوەندیی خۆیان یەكلایی بكەنەوە. ناشكرێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بە بێ بەشداریی پێكهاتەكان و پارلەمانێك پێك بهێندرێت كە نوێنەری پێكهاتەكانی تێدا نەبێت، هاوكات پارتی كۆمەڵێك سەرنج و تێبینیی تەكنیكی هەیە لەسەر دابەشكردنی كورسیی پارێزگاكان و شێوازی كاری كۆمیسیۆن. هەروەها پێویستیش دەكات لایەنە عێراقییەكان پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بن كە لەكاتی پێكهێنانی ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەت ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و هیچ لە خاڵەكان جێبەجێ نەكراون.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە گرفتەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا هەڵبژاردن نیە بەڵكو بڕینی قووت و مووچەی خەڵك و پەلاماردان بۆ سەر هەرێم و گرتنەبەری سیاسەتی نادروستە لەدژی هەرێمی كوردستان.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند ئەگەر هەموو لایەنەكان خوازیاری ئەوە بن كە پارتی بەشداری هەڵبژاردن بێت خۆ دەبێ ڕەچاوی تێبینی و سەرنجەكانی پارتیش بكەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد كە لە خزمەتی سەقامگیری و پڕۆسەی دیموكراسیدا بێت. هەڵبژاردنێك كە بە ئەجیندای دەرەكی و بە دەستوەردانی نایاسایی و نادەستووری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێكی ساختە بەڕێوەبچێت چ جۆرە سەقامگیرییەك بەدی دەهێنێت و چۆن تەعبیر لە ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران دەكات؟
سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەڵوێستی پارتی و تێبینیەكانی زۆر ڕوونن و داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە سیاسیەكانی عێراق كرد كە پاڵپشتی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و شەفاف و یاسایی و دوور لە هەر جۆرە دەستوەردانێك بن.