Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەفتەی داهاتوو بڕیارەکەی حکوومەت دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو بڕیاری حکوومەت بۆ داشکاندنی٢٠٪ی قەرزی ئاو دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاری ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەپێی بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمەودوا لە ٢٠٪ی قەرزی ئاوی سەر هاووڵاتیان خۆش دەبین، کە لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار هاوبەشی ئاومان هەیە و تاوەکو ئێستا شەش جار بە رێژەی ١٥٪ی قەرزی ئاو لە هاووڵاتیان خۆش بووینە، کە ٣٢ هەزار هاوبەش سوودمەند بوونە و بڕی نۆ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار داشکاندن بۆ هاووڵاتیان کراوە، بۆیە گەر داشکاندن بکرێتە ٢٠٪ هاووڵاتیان زیاتر سوودمەند دەبن و خەڵکیش زیاتر قەرزەکە دەدەنەوە".

ئەحمەد گوتیشی: "چاوەڕێ دەکەین هەفتەی داهاتوو فەرمانەکەمان بەدەست بگات و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە نزیکەی ٦٥٠ ملیار قەرز لای هاووڵاتیان هەیە و هاووڵاتیان دەتوانن بە قیستیش قەرزەکە بدەنەوە، کە سەرەتا ٢٥٪ی قەرزەکە دەدەنەوە و ئەوەی دیکەیان بۆ دەکرێتە شەش قیست".

دەشڵێ، ئەوە بڕیارێکی زۆر گرنگە و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندایە.

 

بڵند ئیبراهیم