Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە واشنتۆن فوئاد حوسێن و برێت مەکگۆرک پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان تاوتوێ کرد

واشتنۆن-KDP.info- وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، برێت مەکگۆرک لە واشنتۆن کۆبوونەوە و لە میانیدا، لێکەوتەکانی شەڕی سەر غەززە، پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان لە عێراق و سووریا تاوتوێ کرد.

 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە برێت مەکگۆرک لە نووسینگەکەی خۆی لە واشتنۆن پێشوازی کردووە لە فوئاد حوسێن.

ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی سیاسی لە عێراق تاوتوێ کراوە، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە عێراق لە ناوچەکە دەیگێرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ھەرێمی و کاریگەرییەکەی لەسەر عێراق، کراوە.

باسی لەوەش کردووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لێکەوتەکانی شەڕی غەززە، پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان لە عێراق و سووریا، خراونەتە بەرباس.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی22ی ئەم مانگە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی لە میانی مانگی داهاتوودا و لەسەر بانگھێشتی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن سەردانی ئەمریکا دەکات