Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د.پەرویز ڕەحیم: سەردانی سەرۆکی حکوومەت لە چەندین ڕەھەندەوە گرینگە بۆ ھەرێمی کوردستان

پسپۆرێکی ئاسایشی نەتەوەیی پێی وایە، سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا لە چەند ڕەھەندێکەوە گرینگی خۆی ھەیە و دەڵێ: بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ھێرشی سەربازی و مووشەکی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و پرسی پاراستی ھەرێم لەم ھەڕەشانە و پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوت و پاراستنی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و پەرەپێدانی ئابووری و  بەردەوامبوونی یارمەتی ھاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە گرینگە. 

د.پەرویز ڕەحیم، پسپۆر لە ئاسایشی نەتەوەیی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بە شێوەیەکی گشتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان و ھێنانە ئارای ھاوسەنگی نوێ لەڕێگەی ئەکتەرە سەروو ھەرێمایەتییەکان بە تایبەتی ئەمریکا دەتوانێت باڵانسی ھێز بگۆڕێت و وەکو ئەکتەرێکی کاریگەر لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە. بەم پێیەش ئەم سەردانە لەم چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

ئەو پسپۆرەی ئاسایشی نەتەوەیی پێی وایە: ئەم سەردانە لە چەند ڕەھەندێکەوە گرنگی تایبەتی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە، لەلایەک لە کاتێکی ھەستیاردا ئەنجامدرا .. عێراق و ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ لە کێشە و ناسەقامگیردا تێدەپەرێت و گوشار و ھێرشە ڕاستەوخۆکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بەرزبوونەتەوە، جگە لەمانەش، باس لە دەرچوونی ھێزەکانی ئەمریکا و کۆتاییھاتنی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و گۆڕینی ئەرکیان و چاوخشانەوەی بە سرووشتی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، وەکو ھاوبەشی سەرەکی ھەرێمی کوردستان ھاتۆتە ئاراوە، بۆیە ئەم سەردانەی بەڕێز مەسروور بارزانی لەو بارودۆخەی عێراق گوشارە سیاسیی و ئابوورییەکانی سەر ھەرێمی کوردستانی بەرز کردۆتەوە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر پێویست و ستراتژییە، بەو پێیەی لە وتەکانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا چەمک و ڕوانگەی نوێ دەبیستین، وەکو مێژووی ھاوبەش و بەھای ھاوبەش و بەرژەوەندی ھاوبەش، بۆ ھەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ھێرشی سەربازی و مووشەکی بۆسەر ھەرێمی کوردستان و پرسی پاراستی ھەرێم لەم ھەڕەشانە و پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوت و پاراستنی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و پەرەپێدانی ئابووری و  بەردەوامبوونی یارمەتی ھاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە  گرنگی ئاسایشیی و باڵای ھەیە و ھەموو ئەمانەش لەم سەردانەدا تاوتوێ کراوە.

لەبارەی لێکەوتەکانی سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەمریکا د.پەرویز ڕەحیم دەڵێ: لێکەوتەکانی ئەم سەردانە لە سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە دەریدەخات ئایا ھەرێمی کوردستان ھاوبەشی ئەمریکایە یاخود نا! بەم واتایە کە ئەگەر ئەمریکا ھەڵوێستی نەبێت ئەوە متمانەی ھاوپەیمان و ھاوبەشەکانی لەدەست دەدات و نەیارەکانی لە عێراق و ناوچەکەدا زاڵ دەبن و بەرژەوەندی خودی ئەمریکا دەکەوێتە مەترسییەوە، ھەروەھا ئەم سەردانە و دووپاتکردنەوەی ھاوبەشی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستی دیپلۆماسی ئەمریکاوە، پەیامێکی ئاشکرا و ڕاستەوخۆیە بۆ نەیارەکانی ئەمریکا و ھەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە.
لە ڕاستیشدا، سەردانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەشێکی بۆ گەیاندنی داواکاری و نیگەرانییەکانی ھەرێمی کوردستانە، کە ناکرێت ھەرێمی کوردستان خۆی بە ھاوپەیمانی ئەمریکا بزانێت بەڵام بە کردەوە ئەمریکا لە بەرامبەر پێشێلکارییە دەستووریەکان و گوشارەکانی بەغدا و ھێرشەکانی ئێران بێدەنگ بێت، چونکە بەشێکی زۆری ئەم گوشار و ھێرشانەی سەر ھەولێر، تێچووی ھاوبەشییە لەگەڵ ئەمریکا، ھەر بۆیە پێویست بوو ئەمە بە ڕوونی بۆ ئەمریکییەکان بگوازرێتەوە، پێدەچێت ئەمریکاش پەیامەکەی وەرگرتبێت و بۆ دڵنیایی ھەرێمی کوردستان و مانەوە و بەردەوامی ئەم ھاوبەشییە لە ئاستی جۆراوجۆر ھەنگاوی کرداری بنێت.

قائید میرۆ