چل و پێنج ساڵ بەسەر کۆچی دوایی بارزانی نەمردا تێدەپەڕێت و پسپۆرێکی مێژووش پێی وایە، ناوھێنانی بارزانی لە سەدەی بیستەم ھاوتای ناوھێنانی کورد و مێژووی بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکەیەتی، دەشڵێ: کۆچی دوایی بارزانی زیانێکی ھێندە مەزن بوو، ھێندە کاریگەر بوو، لەئان و ساتی خۆیدا، بەرابەر ئەوە مێژووێکی ھێندە گەورە و پڕ سەروەری تۆمار کرد کە ئەگەر پەندی لێوەربگیرێت، سەروەتێکی لەبن نەھاتووە بۆ سیاسەتمەدارانی ئەمڕۆ.
د.شوان خۆشناو پسپۆری مێژووی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ٤٥ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ڕێبەرێکی گەورەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، ئەویش مەلا مستەفا بارزانییە، ناوھێنانی بارزانی لە سەدەی بیستەم ھاوتای ناوھێنانی کورد و مێژووی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەیەتی، چونکە ئەگەر لە سێ ڕەھەندەوە توێژینەوە لەسەر بنەما و ڕێباز و کاریگەرییەکەی لەسەر خەبات و دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد بکەین، ئەوا کۆڵەگەیەکی پتەوی ھەقیقەتی مێژووییمان بۆ بەرجەستە دەبێت.
ئەو پسپۆرەی مێژوو گوتی: ڕەھەندی یەکەم، ژیان و ژینگە و پێگەیشتنی ئەو ڕێبەرە مێژووییەیە، لەناو ئێش و ئازاری میللەتەکەی ژیاوە و پێگەیشتووە، دەرچووی قوتابخانە و ڕێبازی ژینگەدۆستی و لێبووردەیی ئاینی و پێکەوەژیانی تەکیەی بارزانە، لە پەیڕەوانی ڕێبازی شێخ عەبدولسەلام و نەمر شێخ ئەحمەدی بارزانییە، کەواتە بارزانی نەمر دەرچووی قوتابخانەیەکە کە ڕۆحی کوردایەتی لە ئاین موتووربە کراوە. ڕەھەندی دووەم: ئەزموون و لێهاتوویی خەباتی سەربازی و سیاسییە، ئەو لە تەمەنێکی بچووک جەنگاوەرێکی ھەڵکەوتە بووە، فەرماندەی شەڕە گەورەکانی بزووتنەوەی یەکەمی بارزان ۱۹۳۱-۱۹۳۲ بووە، ڕێبەر و فەرماندەی شۆڕشی گەورەی بارزان ۱۹٤۳-۱۹٤٥ بووە، ڕێبەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ۱۹٦۱-١٩٧٥ بووە، کەواتە ئەزموون و توانا دروستی کردووە.
د.شوان خۆشناو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ڕەھەندی سێیەم پەیوەستە بە دنیابینی و ئایندەسازییەوە، بارزانی لە ئەنجامی ژینگە و ئەزموون و خەبات و باوەڕمەندی بە دادخوازی پرسی کورد، بەرامبەر پێشھاتە سیاسییەکان ڕوانینێکی قووڵتر و دوورتری لە ڕێبەرانی تر ھەبووە، ئاسان نەبووە بە درێژایی خەباتی ئەو لەنێو گەرمەی جەنگی سارددا درێژە بە شۆڕش بدەیت و پشت ئەستوور بە میللەتێک خۆڕاگر بیت. ھەموو ئەوانە پێمان دەڵێن: کۆچی دوایی بارزانی زیانێکی ھێندە مەزن بوو، ھێندە کاریگەر بوو، لەئان و ساتی خۆیدا، بەرابەر ئەوە مێژووێکی ھێندە گەورە و پڕ سەروەری تۆمار کرد ئەگەر پەندی لێوەربگیرێت سەروەتێکی لەبن نەھاتووە بۆ سیاسەتمەدارانی ئەمڕۆ.
قائید میرۆ