Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەولێر کرد

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەولێر کرد، ھەر لە دیدارەکەدا میرانی بە کونسوڵی ئەڵمانی وت کە کێشەی ھەرێم لەگەڵ بەغدا کێشەی بیرکردنەوەی دەسەڵاتدارانە لە بەغدا نەک کەسەکان و ھەوڵدەدەن لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور خۆیان بدزنەوە.

 

 

لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە پیرمام، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، پێشوازی لە (کلاوس سترایشەر) کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەولێر و شاندی یاوەری کرد.

 

لە دانیشتنێک دا فازڵ میرانی وێرای بەخێرھێنانی شاندی میوان تیشکی خستەسەر ڕەوشی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراقی فیدڕاڵ بە گشتی.

 

میرانی دووپاتی کرد کە کێشەی ھەرێم لەگەڵ بەغدا کێشەی بیرکردنەوەی دەسەڵاتدارانە لە بەغدا نەک کەسەکان و ھەوڵدەدەن لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور خۆیان بدزنەوە و ئارەزوومەندانە جێبەجێی بکەن.

 

ھەروەھا میرانی ئاماژەی بەوە کرد کە ناوچەکە لە دۆخێکی خراپ تێپەڕدەبێت و ھەموو لایەک دەبێت زۆر ژیرانە ھەڵسوکەوت لەگەڵ ڕووداوەکان بکەن و بەرژەوەندی باڵای گەلی خۆی بپارێزێ و لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکان بێت.

 

ھاوکات فازڵ میرانی دووپاتی کرد کە پەیوەندییەکان لە نێوان گەل و حکوومەتی ئەڵمانیا و گەل و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر بەھێزن و حکوومەت و گەلی ئەڵمانیا درێغیان نەکردووە لە ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ڕوویەکەوەو ئەمە جێگای سوپاسگوزاریە و پتەوکردنی ئەم پەیوەندیانە ئەرکی ھەموومانە.

 

لەلای خۆیەوە (کلاوس سترایشەر) کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەولێر سوپاسی مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارەو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە کارکردنی لە ھەرێمی کوردستان و بەو پێشکەوتنەی کە ھەرێمی کوردستان بەخۆیەوە دەبینێت سەرەڕای ئاستەنگەکان و قەیرانەکان و ھیوای خواست ھەرێمی کوردستان ھەر لە پێشکەوتن دا بێت.