Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەستەی گەشتوگوزار: ئەمساڵ گەشتیاری زستانە بۆ ھەرێمی کوردستان زیادیکردووە

ھەولێر _KDP.info_ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن  و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان گوتی: ئەمساڵ بەھۆی دانانی پلانێکی باش  و تۆکمە و ھاتنی بەفرێکی باش لە ھەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین چالاکی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری زستانە لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەش سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە. 

ئیبراھیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمساڵ بۆ  وەرزی  زستان لە تەواوی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان ئامادەکاری تەواومان ئەنجامدابوو بۆ ئەوەی چالاکی تایبەت بە گەشتوگوزاری زستانە ئەنجام بدەین، چونکە لە پلانی ھەشت ساڵەی خۆمان دایە گرنگی بە گەشتوگوزاری زستانە بدەین، بۆیە پێش دوو ڕۆژ فستیڤاڵی خلیسکێنەی سەر بەفر بە بەشداری تیمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەنجامدرا، ئەمەش بووە جێی سەرنج ڕاکێشانی گەشتیارێکی زۆر. 

ئیبراھیم عەبدولمەجید گوتیشی: جگە لەوەش خزمەتگوزاری گەشتیاری لە ھەموو شوێنەکان دابینکراوە، بۆیە ئەمساڵ بەراورد بەساڵی ڕابردوو گەشتیارێکی زۆری زستانە لەنڵوخۆی عێراق و دەرەوە ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمە زیاتر فۆکسمان لەسەر جۆری ئەنجامدانی چالاکی زستانەیە لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش وای کردووە ڕێژەی گەشتیاران بۆ ئەم وەرزە بەراورد بەساڵی ڕابردوو زیاتربێت، چونکە ئەمساڵ ھەم کەش  و ھەوا گونجاو بوو ھەم بەفرێکی باش باریوە، لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانیشمان پلانی باش و تۆکمەش دانرابوو، پلانیشمان وایە ھەرچوار وەرز گەشتیارمان ھەبیت، تاوەکو بەفر ھەبێت گەشتیاریش دەبێت، ئەوە جگە لە چالاکی دیکەی جیاواز لە نماییشەکانی ناو بەفر. 

 

بڵند ئیبراھیم