Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و وەزیری بەرگریی تورکیا

هه‌ولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، 07-02-2024، مەسروور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریى تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیى دوولایەنە کرا. جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش لەپێناو ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "وەزیری بەرگری تورکیا، پرسە و هاوخەمی بۆ گیانلەدەستدانی قوربانییانی هێرشەکەی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە هێرشەکە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت".

مەسروور بارزانی، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای دراوسێتیی باش و بەرژەوەندیى هاوبەش دووپات کردەوە". گوتیشی، "هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئاسایش و سەقامگیری دەبێت و ڕێگەش نادات ببێتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ دراوسێکانمان".

گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.