Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئیدریس له‌نێوان یاده‌وه‌ری و ئه‌مڕۆدا

فازڵ میرانی

ژیانئاوایی كاكه ‌ئیدریس زۆر سه‌خت و دژوار بوو، وه‌ك ڕۆژی كۆچی دوایی باوكی وابوو. ئەوکات هه‌ستمان به‌ دڵڕه‌قی ده‌رئه‌نجامی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ پووچه‌كانی زلهێزان دەكرد، كه‌ فشاریان ده‌خسته‌ سه‌ر گه‌لی ئێمه‌ی ڕه‌سه‌ن و دێرین. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌رزی زستان له‌گه‌ڵ وه‌رز و ڕۆژه‌كانی دیكه‌ی ساڵدا لێمان بكه‌ونه‌ سه‌نگه‌ر و به‌ یه‌كه‌وه‌ بیانه‌وێت سه‌بر و مه‌عده‌نمان به‌ ناخۆشی دوای ناخۆشی تاقی بكه‌نه‌وه‌.

ئیدرس بارزانی، یه‌كێك بوو له‌ تۆكمه‌ترین كۆڵه‌گه‌كانی جوڵانه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردستانی و ناسیۆنالیزمی عێراقی. له‌ كاره‌ساتی كۆچی دوایی مسته‌فا بارزانیدا به‌وه‌ دڵنه‌واییمان هات، كه‌ منداڵه‌كانی ڕێبازی ئه‌ویان هه‌ڵگرت و له‌ خه‌بات به‌رده‌وام بوون، به‌ڵام كۆچی دوایی ئیدریس بارزانی به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو چاوه‌ڕوانییه‌كان بوو، هه‌رچه‌ند كاركردن له‌و هه‌لومه‌رجه‌ دژوار و سه‌خته‌دا ماندووی كردبوو، به‌ڵام خۆڕاگری و وره‌ی پۆڵاینی، مردنی به‌بێ ‌پێشه‌كی و وا كتوپڕی ئه‌ویان له‌ مێشكی ئێمه‌دا دوورخستبووەوه‌.

بوونی كاكه‌ ئیدریس له‌ كاركردن، كێوی سه‌ختی و مه‌حاڵه‌كانی ڕاده‌ماڵی، عه‌زیمه‌تی ئه‌و كێوئاسا بوو، له‌ بیكردنه‌وه‌ و سه‌ركردایه‌تی بێوێنه‌ بوو، به‌رده‌وام له‌ كاری به‌رهه‌مدار دابوو، زۆر ورد گوێی قوڵاغ ده‌كرد و زۆر به‌ باشی گفتوگۆی ده‌كرد و به‌رانبه‌ره‌كه‌ی ئیقناع ده‌كرد، كاره‌كانی به‌پێی گرینگ و گرینگتر ڕیز ده‌كرد و نه‌مامی ئاینده‌ی ده‌چاند. نموونه‌ی باشترین برا بوو بۆ براكه‌ی، باشترین مامۆستا بوو بۆ قوتابییه‌كانی، كانگه‌ی وه‌فابوو، پێشمه‌رگه‌یه‌كی هێمن بوو، ژیر و زیره‌ك و بێ فرتوفێڵ بوو، نیشتمانپه‌روه‌رێكی دووربین و نه‌رمڕه‌و بوو، واقیعیانه‌ شته‌كانی ده‌خسته‌ ڕوو، ئاشتیپه‌روه‌ر و دادگه‌ر بوو، ڕقی له‌ سته‌م و لووتبه‌رزی بوو.

زێده‌گۆیی نییه‌ گه‌ر بڵێم ده‌یزانی گه‌ڕانه‌وه‌مان‌ بۆ كوردستان دوور نییه‌، به‌ڵام قه‌ده‌ری مه‌رگی پێشكه‌وت، دواتر له‌گه‌ڵ ته‌رمی بارزانی و ئیدریسدا گه‌ڕاینه‌وه‌ كوردستان.‌ خوخه‌سڵه‌تی شۆڕشگێری و خه‌باتی ئه‌وانمان له‌ هۆشدا چه‌سپاند. ئیدریس هاوڕێ و هاوڕای بێوێنه‌ بوو، ته‌مه‌نی ئه‌و گه‌نجینه‌ی ئه‌و گه‌له‌ بوو، كوڕه‌كانی خه‌باتی ئه‌ویان ته‌واو كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌نێوانیاندا سوێند و په‌یمانێك هه‌بێت، كه‌ نابێت بشكێندرێت.

ئه‌و ڕۆژه‌ی ئیدریس كۆچی دوایی كرد، كاك مه‌سعود بارزانی هه‌موو هه‌ستی ئێمه‌ی له‌ ڕسته‌یه‌كی حه‌زیندا كۆكرده‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینیدا، ئه‌سرینێك له‌ چاوی هاته‌ خواره‌وه‌: ” به‌ كۆچی دوایی كاكه ‌ئیدریس پشتم شكا”، به‌ڵێ، هه‌واڵه‌كه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان و به‌ره‌ی جه‌نگ و په‌نابه‌ران یه‌كجار جه‌رگبڕ و ناخۆش بوو، ئاخر ئیدریس كۆڵه‌گه‌ی خه‌باتی ئێمه‌ و ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بوو، هه‌ر بۆیه‌ نیگه‌رانی و خه‌مناكی مه‌رگی ئه‌و، عێراقییه‌كانی نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌ژاند.

ئه‌مڕۆ، له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌وڵ و تێكۆشانێكمان بۆ خه‌بات، وێنه‌ و ده‌نگ و ئادگاری ئیدریس ده‌خەینه‌وه‌ بیرمان، ته‌سلیمی ڕه‌زای خودا ده‌بین و ده‌ڵێین: ئیدریس له‌ هه‌ر پێشهاتێكدا ده‌دوا، ئه‌ی له‌ غیابی خۆیدا ده‌بوو چی بڵێت؟ ئێمه‌ به‌ هه‌ڵگۆزین له‌ بیری ڕێكخراوی ئه‌ودا ده‌ڵێین: كاكه ‌ئیدریس، گه‌لی ئێمه‌ وه‌فادارانه‌ یادویاده‌ریی تۆ زیندوو ڕاده‌گرێت، چونكه‌ ئه‌و گه‌له‌ هه‌میشه‌ له‌ دڵ و چاو و هۆشی تۆدا بووه‌.

خودا ته‌مه‌نی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی درێژ بكات، له‌ هه‌ڵگرتنی خه‌می میلله‌تدا هاوكاری بكات، هه‌ر وه‌ك هاریكاری بارزانیی باوكی هه‌موومان و كاكه‌ ئیدریسی هه‌مشه‌ زیندووی كرد.