Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەڵگورد نەجیب: لیژنەیەک بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری روداوەکە پێکدەهێنرێت

سۆران-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سه‌ربه‌خۆی سۆران رایگەیاند، ئەو کەسانەی لە روداوی ئاگرکەوتنەوەکە گیانیان لەدەستداوە 10یان پیاون و 4یان ژنن دۆخی بریندارەکان لە ئێستادا جێگیرە، لیژنەیەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لەسەر روداوەکەش پێکدەهێنرێت.

هەڵگورد نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە روداوی ئاگرکەوتنەوەکە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە، باڵەخانەکە 12 شوقەی لەخۆگرتووە و نزیکەی 60 هاووڵاتی تێیدا دەژیا، زۆربەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی خنکانەوە بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی بەرگری شارستانی لە سەرەتای کەوتنەوەی ئاگرەکە لە حاڵەتی ئامادەباشیدابوون و هەموو هەوڵێکیان داوە، تیمەکانی تەندروستیش هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەی بریندارەکان چارەسەر بکەن، لە ئێستاشدا دۆخی تەندرووستی بریندارەکان جێگیرە.

ئەوەشی خستەڕو، ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە 10یان پیاون و چواریان ژنن، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەت پێکدەهێنرێت، بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری روداوەکە.

باسی لەوەشکرد، لە دوای لێکۆڵینەوەکان تەواوی زانیارییەکان لە بارەی هۆکاری روداوەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین و رێکاری جدی دەگرینە بەر بۆ ئەوەی روداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.