Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئیدریس زۆزانی: شنگالییەکان لە سێمێل ئاھەنگی لیستی ١٩٧ دەگێڕن

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وایە ئەوەی پارتی بە بەھێزی ھێشتووتەوە جەماوەرەی خۆرسکی پارتییە و دەشڵێ: شنگالیەکان لەگەڵ پارتین و سەرەتای حەفتەی داھاتوو ئاھەنگی شنگالیەکان لە قەزای سێمێل بەڕێوەدەچێت.

ئیدریس زۆزانی، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لەسەر داوای جەماوەری پارتی لە شنگال سەرەتای حەفتەی داھاتوو ئاھەنگی جەماوەری لە شنگال لە قەزای سێمێل بەڕێوەدەچێت، چونکە ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر و جەماوەری پارتی لە سنووری دھۆک نیشتەجێن و دەیانەوێ لە سێمێل ئاھەنگ بگێڕن.

بەرپرسەکەی پارتی لە شنگال دەڵێت: سەرۆکی لیژنەی ھەڵبژاردنی پارتی و بەرپرسانی باڵای حزب و مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوا لە ئاھەنگەکە بەشدار دەبن و سەرۆکی لیژنەی ھەڵبژاردنی پارتی گوتارێک پێشکەش بە شنگالییەکان دەکات.

زۆزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: جەماوەر و ئەندامانی پارتی وایانکردووە پارتی ڕۆژ بەڕۆژ بەھێزتربێت، سەرەڕای ھەبوونی قەیرانەکان و ئەو پیلانانەی دژی کیانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن کاریگەری لەسەر جەماوەری پارتی نەکردووە و ڕۆژی ١٨ی مانگیش ئەندام و لایەنگرانی پارتی وەڵامی نەیارانی پارتی دەدەنەوە.

قائید میرۆ