Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەڵبژاردنی پارتی: ئەنجامێکی زۆر باش له‌ سنووری مادده‌ی 140 بەدەست دەھێنین

ھەولێر-KDP.info- بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت، پارتی ئامادەکارییەکی باشی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە و پارتی دەیەوێت بەشدارییەکی کاریگەری ھەبێت، ھەروەھا گەشبینن و پێشیان وایە ئەنجامێکی زۆر باش بەدەست دەھێنن.

نیازی حەمە عەزیز، بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ‌راگەیاند: ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن دوو ھەفتەی ماوە، بۆیە نزیکبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردن بانگەشەی ھەڵبژاردنی چڕتر کردۆتەوە لەلایەن لایەنەکان، ئێمە لە ناوچەکانی ماددەی 140 بەشێوەیەکی چڕوپڕ چالاکیەکانی خۆمان پەرەپێداوە.

ناوبراو راشیگەیاند، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ھەروەھا کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگمان ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەشدارییەکەمان لە ھەڵبژاردن بەشدارییەکی کاریگەر بێت، ھاوکات ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ ڕۆژی دەنگدان واتا ئەو پێداویستیانەی کە پێویستە بۆ ھەڵبژاردن لە بەرنامەدان و راھێنان بە چاودێرانی سندووقەکانی دەنگدان و راھێنانمان بە کاندیدەکانیش بەردەوامە.

حەمە عەزیز جەختی لەوەکردەوە، ئەوەی پێویست بێت دەیکەن بۆ سەرکەوتن، ھەروەھا گەشبینن و پێشیان وایە ئەنجامێکی زۆر باش بەدەست دەھێنن بە تایبەت لە کەرکووک و نەینەوا.

نیازی ئاماژە بەوەش دەکات، بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی بەردەوام چاودێری چالاکیەکان دەکات و بەرێزیان وەک ئەڵقەیەکی پەیوەندی لەنێوان لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی لە پەیوەندی بەردەوام دایە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێنماییانەی کە لە لیژنەی باڵای پارتیمانەوە دەردەچێت.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 23 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان لەو ھەڵبژاردنە ھەیە.

 

ھەڵکەوت محەممەد