نەینەوا-KDP.info- ئێریڤان مەهدی، کاندیدی ژمارە ٢٣ لە لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی خزمەتگوزاریی تەشریعین، بۆیە ئامانجم لە خۆکاندیدکردنم، خزمەتکردنە بە ناوچە ئێزدینشینەکان و دەمەوێ ببمە دەنگی ئێزدییەکان و تەواوی پێکهاتەکانی دیکە.
ئێریڤان مەهدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "چونکە زۆربەی ناوچە ئێزدینشینەکان دەکەونە ناوچە کێشەلەسەرەکان و ئەم ناوچانەش زۆر پەراوێز خراون لە هەموو ڕوویەکی خزمەتگوزارییەوە، بۆیە دەمەوێ لە ڕێگەی ئەم ئەنجوومەنەوە خزمەت بەم ناوچە ئێزدینشینانە بکەم".
ئێریڤان ڕوونیشی کردەوە: "لە ڕێگەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، کە پارتێکە خزمەت بە هەموو پێکهاتە و ئایین و نەتەوەکان بە بێ جیاوازی دەکات، دەمەوێ خزمەت بە ئێزدییەکان بکەم، چونکە پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە مێژوودا ڕووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژی و جینۆساید بوونەتەوە".
ناوبراو ئاماژەشی دا: "ئێستا ئێزدییەکان زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستیان بە هاوکاری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیانە، بۆیە دەمەوێ مافە زەوتکراوەکانی ئێزدییەکان بەدەست بهێنم".
ئێریڤان بە متمانەیەکی زۆرەوە دەڵێت: "دەخوازم ببمە دەنگی ئێزدییان و نوێنەرایەتیی خەڵکی خۆمان بکەم، ئەگەر متمانەی خەڵکم وەرگرت، دەنگی کچانی ئێزدی و هەموو ئەوانە دەبم کە خوێنیان بۆ ئەم خاکە بەخشیوە، هەروەها کار بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ شنگال دەکەین".
''خەڵک بڕوای تەواوی بە پارتی هەیە و پێشوازییەکی گەورەش لە کاندیدانی پارتی دەکەن، چونکە دەزانن لە ڕێگەی ئەم پارتەوە خزمەتگوزاری دەگاتە هەموو شوێنێک". ئێریڤان وای گوت.
کــــاروان بــــاعەدری