دهۆک-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی مێپس وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ئەمساڵ کۆڕبەندەکە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکی مەترسیدار و دۆخی ناوچەکە، کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهانیش دەکات، ئەم دۆخە هەموو جیهانی خستووەتە ئاڵۆزییەوە، رووداوەکان لە هەرکوێ بن بە ئاستی خۆی کاریگەرییان هەیە.
گوتیشی: شەڕی ئیسرائیل و حەماس جارێکی دیکە ئەو راستییەی سەلماند، کە ئاسایشی جیهان چەمکێکی واتادار و راستەقینەیە، بەرفراوان بوونی شەڕی ئیسرائیل و حەماس و تێوەگلانی زیاتری هێزەکانی ناوچەکە لە کیشەکەدا، دۆخەکە سەختتر و ترسناکتر دەکات، دەشڵێت: لێککەوتەکانیش لەسەر ناوچەکە و جیهان خراپتر و درێژخایەن دەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دۆخیکی ئاوادا، ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەبێت لەهەموو کاتێک زیاتر بەو پەڕی وشیارییەوە، مامەڵە بکەین، هەرچۆنێک بێت بە هیچ پاساوێک، نابێت رێگە بدەین عێراق بخرێتە ناو ئەو شەڕ و کێشە و ئاڵۆزی زیاترەوە. چونکە زیانێکی زۆری لێدەدات و عێراق دەبێت سەقامگیر بێت بۆ ئەوەی پێشبکەوێت. گوتیشی: ئێستا کاتی ئەوەیە عێراق بکەینە گۆڕەپانی چارەسەرکردنی کێشەکان، نەک گۆڕەپانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە.
راشیگەیاند، سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە نیوان حەماس و ئیسرائیل، راستییەکی سادەی سەلماند ئەویش ئەوەیە، کێشەکان بەدواخستن و کپ کردن چارەسەر ناکرێن، بەڵکو گەورەتر دەبن و رۆژێک خراپتر دەتەقێتەوە.
گوتیشی: هێز و شەڕ و توندوتیژی هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، رەنگە لەکات و بارودۆخێکدا بۆ ماوەیەک کپ و بێدەنگیان بکات، بەڵام کێشەکان قوڵتر دەبنەوە، رێگەی راست ئاشتییە، ئازایەتی راستەقینەش چارەسەرکردنی کێشەکانە، شەڕ جگە لە توندو تیژی و بیری تۆڵەکردنەوە هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە، ئەوکاتیش هەمووان دەبێت باجی گەورە بدەن. رێک وەک ئەوەی ئێستا لە ناوچەکە روودەدات و ئەگەر رێگری لێنەکرێت گەورەتریش دەبێت.
دەشڵێت: چارەسەری دوو دەوڵەت وەک لە بڕیاری نێودەوڵەتیش هاتووە، کە مافی بوون و ئاشتی بۆ هەردوولا مسۆگەر بکات، ئەمەش تاکە رێگەی نەمانی ئاڵۆزییەکان و کۆتایی هێنانە بە کێشەکان، چەندین دەیەیە خوێن رشتن و ئاڵۆزی هەیە، ئەمەش چارەسەری کێشەی نێوان ئیسرائیل فەڵەستین ناکات، ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو جیهان هەوڵ بدات ئەو شەڕە رابگرێت و کوشتن و تێکدانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە کۆتایی پێبهێنرێت، دیل و بارمتە مەدەنییەکان ئازادبکرێت، دوای ئەوەش چارەسەری بنەڕەتی کێشەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل جێ بەجێ بکرێت لەسەر بنچینەی دوو دەوڵەت.
باسی لەوەشکرد، عێراق دوای 20 ساڵ ئازادی دەکرا باشتر بوایە، ئەگەر دەستوور وەک خۆی جێ بەجێ بکرابووایە، فیدڕاڵی کە سیستەمی عێراقە و خەڵکی عێراق دەنگی بۆ داوە جێگیر بکرابوایە. گوتیشی: جێبەجێ نەکردنی سیستەمی فیدڕاڵی، پابەند نەبوون بەدەستوورەوە، زۆر کێشە و ناکۆکی سیاسی هێناوەتە ئاراوە و ناسەقامگیری هەمە لایەنەی لە عێراق دروست کردووە، وای کردووە کە سەقامگیری عێراق هەمیشە بە لەرزۆک ببینرێت، چارەسەریش گەڕانەوەیە بۆ بنەماکەنی هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی، کە عێراق لەسەری دامەزراوە و رۆحی نووسینەوەی دەستووری عێراقە. خەڵکی عێراق بەو هاوبەشییە لەرووی ئابوورییەوە پێش دەکەوێت و لەرووی کۆمەڵایەتیشەوە یەکگرتوو دەبێت، هەر ئەمەشە نەخشە رێگەی دروستی چارەسەری کێشەکان. دەبێت عێراق مافی هەموو پێکهاتەکان بدات و نابێت هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز بخرێت.
جەختیشیکردەوە، ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی عێراق کار بە دەستوور بکەن، چارەسەری کێشەکان ئاسانە، کیشەکان هێندە مەحاڵ نین کە چارەسەر نەکرێن، ئەگەر بەدروستی بیربکەینەوە، بیر لەیەک تێگەیشتن بۆ هاوبەشی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە بکەینەوە، ئەگەر وڵات و بەرژەوەندییەکانی بخەینە سەر هەموو پێناسەکانی دیکەوە ئەوکات دەبینین چارەسەری هەموو کێشەکان ئاسان دەبێت.
گوتیشی: پاراستنی سیاسی لەعێراق لە هەموو کاتێ زیاتر پێویستە، عێراق هێشتا بەدەست لێککەوتەکانی شەڕی داعشەوە دەناڵێنێت، هێشتا کێشەی ئابووری و خزمەتگوزاری هەیە، پێویستی بە سەقامگیری وڵات هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێمان وایە کلیلی سەقامگیری عێراق، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستانە، لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ، دەستووری عێراق نەخشە رێگایەکی زۆر روونی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان داناوە، تەنها پێویستیمان بە ئیرادەیەکی سیاسییە، بۆ چارەسەری کێشەکان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە، هەرێمی کوردستان ئامادەیە، بەپێی دەستوور و بەلەیەک تێگەیشتنی هاوبەش کیشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات، چارەسەرێک لەبەرژەوەندی تەواوی وڵات دابێت و مافە دەستوورییەکانی هەمووان مسۆگەر بکات.
روونیشیکردەوە، بەردەوام بوونی گفتوگۆکان بۆ چارەسەری کێشەکان لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، کارێکی زۆر گرنگە، بێگومان ئەنجامەکانی گفتوگۆ تائێستا لەئاستی خواست و چاوەروانییەکانی هەرێمی کوردستان دا نین، بەڵام پێمان وایە بەردەوام بوونی گفتوگۆکان تاکە رێگەی راستە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی هەمو ئەو کێشانەی کە هەیە، گوتیشی: ئێمە کۆڵنادەین و بەردەوام دەبین، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان.
دەشڵێت: فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدا دەژین، خێراکردنی دانانی چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتیمانییە، بۆ حکوومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە عێراقدا، قەیرانی دارایی و گوشار لەسەر ژیانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان، دەتوانرێت بە رێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەزوویی چارەسەر بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە بەخێرایی ئەمە بکرێت چونکە کاری کردووەتە سەر ژیانی خەڵک و بازاڕی هەرێمی کوردستان، پێویستە پەلە بکرێت لە نەهیشتنی بەربەستەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چەندین ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی گشتی عێراق و ئابووری گشتی گەیاندووە، هیچ سوودێکی بۆ عێراق تێدانییە کە بەم شێوەیە بەردەوام بێت.
راشیگەیاند، ئەرک وبەرپرسیارەتی بە پلەی یەکەم لەسەر پارتی و یەکێتییە لە هەرێمی کوردستان، کە بگەنە لێک تێگەیشتنی هاوبەش و کیشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن، کۆبوونەوەکانی رابردوومان کۆبوونەوەی باش بوون، پێویستە بەردەوام بن، هیچ کێشەیەک ئەوەندە ئاڵۆزنییە لە نێوان پارتی و یەکێتی کە چارەسەر نەکرێت. لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لێرەو لە بەغدا، تەنها بەیەک دەنگی لەسەر بەرژەوەندییەکانی گشتی و باڵاکانی هەرێم پارێزگاری لەدەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.