Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری دەرەوەی عێراق: داوای ئاشتی یەکجارەکی و جێگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین

دهۆک-KDP.info- بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارێک لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک، رایگەیاند: "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام رووی لەوەیە ناکۆکی لە ناوچەکە هەبێت".

فوئاد حوسێن گوتیشی: "عێراق لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەیدا و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان داوایکردووە شەڕ لە غەززە بوەستێت و رێڕەوی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە بکرێتەوە. عێراق بەردەوام هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە ناردووە".

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە داوای ئاگربەستێکی درێژمەودا دەکەین، نەک ئاگربەستێکی کاتیی کورت مەودا. سیاسەتی حکوومەتی عێراق لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە بۆ فەڵەستینییەکان. ئێمە هەروەها داوای دووبارە بونیاتنانەوەی غەززە و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ خەڵکی ئەو شارەمان کردووە".

جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "عێراق داوای ئاشتی یەکجارەکی و جێگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، چونکە بە درێژایی مێژوو شەڕ و ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نەبوون".

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی، لێکۆڵەر، توێژەر، ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا دەستپیپێکرد.