Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. هەوار: خەڵک چاوی لە دهۆکە.. کۆڕبەندەکە مەسجێکی گەورەیە

دهۆک-KDP.info- ئەمساڵ پارێزگای دهۆک باوەشی بۆ گەورەترین کۆڕبەندی ساڵ کردووەتەوە، کە چوارەمین گەڕی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناڤینە و زانکۆی ئەمریکی- کوردستان لە دهۆک لە ژێر دروشمی (نۆژەنکردنەوە و پێداچوونەوە و خۆڕاگریی پاشەڕۆژی ڕۆژهەڵاتی ناڤین) دەستی پێکردووە.

وەک هەمیشە دەستپێکردنی کۆڕبەندەکە بە چەندین وۆرکشۆپی تایبەت لە لایەن کەسانی شارەزای سیاسی لەسەر ئاستی جیهان دەربارەی ئاسایشی ناوچەکە و سیاسەت و گۆڕانی کەشوهەوا و بابەتە ستراتیژییەکان بەڕێوە دەچن.

لە کۆڕبەندەکەدا، زیاتر لە ٨٥٠ کەس لە ٥٠ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن و لەسەر پرسە جیاوازەکان گفتوگۆ دەکەن، تا ئێستاش ١١ وۆرکشۆپ بەڕێوە چوون و بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی ١٨ پانێڵی جیاواز بەڕێوە بچن.

بە گوتەی شارەزایان، ئەم کۆڕبەندە دەبێتە پلاتفۆڕمێک بۆ گفتوگۆکردنی هەموو کێشە تایبەتەکان و سەرجەم سیاسەتمەدار و پسپۆڕ و رۆژنامەنووس و شارەزایانی هەموو بوارەکان لە دهۆک کۆدەبنەوە و باس لە پرسی ئاسایش و سیاسەت و ئابووریی ناوچەکە دەکەن.

لە کۆڕبەندەکەدا دۆخی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و دۆخی تایبەتی عێراق و ناوچەکە گفتوگۆ دەکرێت و، هەروەها کاریگەریی دۆخەکە لەسەر جیهان و ڕووداوەکانی جیهانیش لەلایەن سیاسەتمەدارانی کورد و عێراق و جیهانەوە شرۆڤە دەکرێن.

لەو بارەیەوە، د. هەوار نێروەیی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی دهۆک پێی وایە، ئەم کۆڕبەندە لەم کات و ساتەدا گرنگییەکی زۆری هەیە، لەبەر ئەوەی ئێستا ڕووداوە گرنگەکان لە جیهان و عێراقدا ڕوودەدەن و خەڵک چاوی لە دهۆکە.

نێروەیی دەشڵێ، هاتنی ئەم سەرکردانە بایەخەکەی لەوەدایە، کە بە چاوی خۆیان دەبینن هەرێمی کوردستان ئارامە و دواتر دەبێتە دەرفەتێک تا خەڵک زیاتر سەردانی ئەم ناوچەیە بکەن، کە جیۆپۆلەتیکی ئەم ناوچەیە گرنگە لەبەر ئەوەی هاوسنوورە لەگەڵ چەندین وڵاتی نێودەوڵەتی وەک عێراق، تورکیا و سووریا.

بە بۆچوونی ئەو، دهۆک لە مێژووی سیاسیی ناوچەکەدا گرنگییەکی گەورەی هەیە و ڕۆڵی گرنگی سیاسیی گێڕاوە و بانکێکی گەورەی پرۆسەی دەنگدان و ڕاکێشانی خەڵکە بۆ ئەم ناوچەیە لە رووی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەوە.

وەک د. هەوار نێروەیی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی دا، هاتنی ئەکادیمیسیەن و پسپۆڕ و سیاسەتمەداران بۆ گفتوگۆکردنی مژارە جیاوازەکان، دەبێتە سەردێڕی رۆژنامەوانیی نێودەوڵەتی و ئەمەش دەبیتە هۆی ئەوەی دهۆک وەک شارێکی گرنگی کۆکەرەوەی سیاسەتمەداران بناسرێت، کە ئەمەش هەنگاوێکە بۆ ئەوەی چاوی زیاتری سیاسەتمەداران لەسەر دهۆک بێت.

گوتیشی: ''دهۆک شاری پێکەوەژیانە و دەرگای کردووەتەوە بۆ پسپۆڕ و شارەزایانی سیاسی تا گفتوگۆ لەسەر هەڕەشەکان لەسەر ئاسایش و ئاشتی بکەن، چونکە ئێستا گۆڕانکارییەکان لەسەر رۆژهەڵاتی ناڤین چڕ بوونەتەوە".

هەبوونی ئەم جۆرە کۆنفڕانسانە بە بڕوای د. هەوار، واتای سەقامگیربوونی هەرێمی کوردستانە و دەلالەتی ئەوەیە خەڵک متمانەی بە ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش ئارامییەک دەداتە ئەو پێکەوەژیانە نەتەوەیی و ئایینییەی کە هەیە، بێگومان مەسجێکی گەورەشە بەوەی لە ڕووی تیۆرییەوە کوردستان ئەمنیەتی جودایە لە عێراق، چونکە دۆخی کوردستان سەقامگیرترە لە ناوچەکەدا.

 

کـــاروان بـــاعەدری