کەرکووک_KDP.info_ سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی بانگەشە بۆ لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئارامی بەڕێوە دەچێت و ڕێز لە هەموو پێکهاتەکان دەگرین، پێشوازی و پشتیوانییەکی زۆر باشیش لە لیستی پارتی و کاندیدەکانی دەکرێت.
سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، حەسەن شێخانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: تا ئێستاش پێشێلکاری بەرامبەر بە کاندیدانی ئێمە بەردەوامە و تەنیا هەندێک کەم بووەتەوە، بەڵام ئەوە ئێمە سارد ناکاتەوە، ئێمە دوێنێ لە خزمەت سەرۆک بارزانی بووین، ئەویش ڕایسپاردین کە پێویستە بانگەشەکە بە ئارامی و هێمنی بەڕێوەبچێت، ئێمەش فەرمانی جەنابیان جێبەجێ دەکەین، هەرچەندە پێشێلکاری بەرامبەر بە ژمارەیەک کاندیدی ئێمە کرا و لەیەک شەودا 29 پۆستەر و وێنەی من دڕێندرابوون و لێکرابوونەتەوە، بۆیە ئێمە بەئاسایی وەریدەگرین و سکاڵاشمان تۆمار نەکردووە و بەردەوامین لەبانگەشەی خۆمان.
حەسەن شێخانی گوتیشی: سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە .. نابیت ململانێ لە بانگەشە بەجۆرێک بێت دوور بێت لە چوارچێوەی یاسای کۆمسیۆن و دەبێت ڕێز لە هەموو پێکهاتەکان بگیرێت، چونکە ئەمە شاری پێکەوەژیان و هەموو پێکهاتەکانە، بۆیە ئێمە بێ جیاوازی ڕێز لە هەموو پێکهاتەکان دەگرین و وەکو پێکهاتەی شارەکە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین، ئەوانیش پێشوازییەکی زۆر باش لە ئێمە دەکەن و پشتگیری لە لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دەکەن.
بڵند ئیبراهیم