Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی ژمارەیەک مزگەوت لە ناوچە کوردستانییەکان دروست دەکرێن

بەغدا-KDP.info- لەسەر داوای پەرلەمانتارێکی پارتی و بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک مزگەوت لە ناوچە کوردستانیەکان دروست دەکرێن و پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێ، چەندین پڕۆژەی دیکەمان پێشنیار کردووە بۆ جێبەجێکردن.

کاڤین شێخ سەعید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی ڕەزامەندی جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەمان بەدەست ھێناوە لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەردەوام سەردانی وەزارەتە پەیوەندارەکانمان کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەو ناوچانە جێبەجێ بکرێن و خۆمان بە نوێنەری راستەقینەی ھاووڵاتیان زانیوە".

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: "لە دوایین سەردانی بەندە و مەشعان خەزرەجی سەرۆکی دیوانی وەقفی سووننە لە عێراق ڕەزامەندی لەسەر داوکاری ئێمە نیشاندا بۆ دروستکردنی پێنج مزگەوت ئەوانیش لە شێخان، فەیدیە، تلکێف، وانە و باشیکە".

کاڤین شێخ سەعید ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "جگە لە دروستکردنی پێنج مزگەوت ٢٠ مزگەوتی دیکەش لە ناوچە کوردستانییەکانی ئیدارەی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نۆژەن دەکرێنەوە، چەندین پڕۆژەی دیکەشمان ئامادەکردووە و پێشنیارمان بۆ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرزکردۆتەوە بۆ ئەوەی پەسەند بکرێن، بەردەوامیش دەبین لەسەر گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ھەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی".

 

قائید میرۆ