Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لەسەنتەری قەزای ئامێدی سیستەمی پریپەیدی کارەبا جێ بەجێکرا"

بەڕێوەبەری گشتی کارەبای دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: لە سنووری پارێزگای دھۆک لە چەندین شوێن سیستەمی پریپەید جێ بەجێکراوە، سەنتەری قەزای ئامێدی کراوەتە پریپەید و کارەبای 24 کاتژمێری خراوەتەکار.

شاکر مەحموود، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: پرۆسەی کارەبای پریپەید لە پارێزگای دھۆک کەوتووتە بواری جێبەجێکرد، لە ناو سەنتەری شاری دھۆک چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بە سیستەمی پریپەید کار دەکەن، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت پێشنیارمان بۆ حکوومەت کردوە نرخی کارەبای ئەو پڕۆژانەی بە ھای کۆست ناسراون لە 156 دینارەوە کەم بکرێتەوە بۆ 100 دینار، بڕیارە لە بازاڕی شەقامی kro ناوچەی پیشەسازی نزیک پیشانگاکانی ئۆتۆمبێلیش سیستەمی پریپەید جێبەجێ بکەین.

بەڕێوەبەری گشتی کارەبا دھۆک گوتی: لە دەرەوەی شاری دھۆکیش سیستەمی کارەبای سەنتەری قازای ئامێدی کراوەتە پریپەید و ئێستا کارەبای 24 کاتژمێرییان ھەیە، ئەو شوێنانەی ھاووڵاتییان تێیدا نیشتەجێن نرخی کارەبای پریپەید بەھەمان نرخی ئاساییە تەنیا لە پڕۆژەکانی ھای کۆست نرخیان جیاوازە.

شاکر مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئێمە لە ھەموو ئەو شوێنانەی پێوەری زیرەکیان ھەیە پلانمان ھەیە سیستەمی پریپەیدی تێدا جێبەجێ بکەین، چونکە سیستەمێکی پێشکەوتووە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕێکخستنی کەرتی کارەبا، چاوەڕیێی وەڵامی حکوومەتین بۆ پێشنیارەکەی وەزارەت سەبەرەت بە کەمکردنەوەی نرخی کارەبای پریپەید.

قائید میرۆ