Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پسپۆرێکی دارایی: خەڵکی عێراق ترسیان لە ئابووری وڵاتەکەیان ھەیە

پسپۆرێکی دارایی پێی وایە خەڵکی عێراق ترسیان لە ئابووری وڵاتەکەیان ھەیە، نرخی دۆلاریش تا نزیک دەبینەوە لە سەری ساڵ بەرز دەبێتەوە، دەشڵێ: ئەگەر ڕێگری لە چوونە دەرەوەی دۆلار نەکرێت عێراق توانای کۆنتڕۆڵکردنی دۆلاری نابێت.

پرۆفیسۆر خالید حەیدەر، پسپۆری دارایی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: چەندین ھۆکار ھەن بۆ رزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراق، لەوانەش ھەبوونی قەبارەیەکی زۆری گەندەڵی لە عێراق و خراپ ئیدارەدانی داھاتی عێراق، چونکە دەستەڵاتدارانی عێراق بەشێوەیەکی زانستی مامەڵە بە داھاتی عێراقەوە ناکەن، ھۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ بڕیاری بەرپرسانی ئێستای بانکی ناوەندی دەگەڕێتەوە کە بڕیارە ساڵی ئایندە ھەموو مامەڵەیەکی ناوخۆ بکرێتە دینار، ھاووڵاتییانی عێراقیش گومان و ترسیان لە ئابووری وڵاتی خۆیان ھەیە.

ئەو پسپۆرەی دارایی گوتی: تا لە ساڵی نوێ نزیک ببینەوە نرخی دۆلار بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت، چونکە خەڵکێکی زۆر لە عێراق پێویستییان بە دۆلار ھەیە و ترسیان لەوەیە ساڵی داھاتوو دۆلاریان دەست نەکەوێت، لەبەر ئەوەی داھاتی عێراق بەدۆلارە و ھاوردەکردنی کەلوپەلیش ھەر بەدۆلارە، جیاوازی زۆر لە نرخی فەرمیی و بازاڕ ھەیە ئەوە گومانی پەیداکردوە لەسەر دۆلار.

پرۆفیسۆر خالید حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: بە چەند ھەنگاوێک عێراق دەتوانێت نرخی دۆلار کۆنتڕۆڵ بکات لەوانەش، ساڵی داھاتوو مامەڵەی ناوخۆ ھەمووی بە دینار بەڕێوەببات و ئیدارەیەکی باشتری سەروەت و سامانی عێراق بکرێت، ڕێگری لە دەرچوونی دۆلار بۆ دەرەوە بکرێت و حەواڵەی دۆلار لە ڕێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە بێت، بە پێچەوانەوە عێراق توانای کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشەکەی نییە.

قائید میرۆ