Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە خانەقین ئامادەکاری باش بۆ هەڵبژاردن کراوە"


خانەقین_KDP.info_ بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی: ئامادەکاری زۆر باشمان بۆ هەلبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردووە و کار دەکەین بۆ ئەوەی لەکۆی ئەو 15 کورسیەی هەیە وەکو پارتی بەلایەنی کەمەوە کورسییەک بەدەست بێنین.

ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، کەرکووک و دیالە بە لیستی جیا بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەین و خۆشمان زۆر باش ئامادەکردووە، ئەوەی لە تواناماندابێت دەیکەین بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی خۆمان، کاری بەردەوام دەکەین بۆ ئەوەی لەماوەی ئەو دوو مانگ و نیوەی ماوە تەواو ئامادەی هەڵبژاردن بین و بتوانین هیچ نەبێت لەو 15کورسییەی هەیە کورسیەک مسۆگەر بکەین.

ئەکبەر حەیدەر گوتیشی: ئێمە لەسنووری پارێزگای دیالە 16 کاندیدمان هەیە 11 پیاو و پێنج ئافرەتمان کاندید کردووە، کاندیدەکانمان لە خانەقین، جەلەولا، حەمرین، شارەبان، قەرەتەپە و جەبارە دیار کردوون و ڕەچاوی هەموو سنوورەکانمان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین دەنگ بەدەست بێنین، چونکە هەڵبژاردن یەک بازنەییە و دەمانەوێت بەلایەنی کەم کورسییەک بەدەست بێنین، خەڵکیش پێشوازییەکی باشمان لێ دەکات و دەنگدەری باشمان هەیە و هەوڵ دەدەین دەنگمان زیادبێت و لەم هەڵبژاردنە کورسی بەدەستبێنین.

بڵند ئیبراهیم