هەولێر_KDP.info_ ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: دەڵێ، هەبوونی هەماهەنگی بەردەوامی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گرنگی زۆری هەیە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی جولە و کردەوەکانی داعش، بۆیە هیوادارین ئەو هەماهەنگییە بەردەوام بێت.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: هەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن زۆر گرنگە بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن پشکنین بۆ ناوچەکان بکەن و بەدوای تیرۆرستانی داعشدا بگەڕێن، بەمە جموجۆلی داعش کەمدەبێتەوە و نەتوانن کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام بدەن، چونکە داعش لە زۆر لە ناوچەکان بەتایبەت ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی هەیە شوێنی حەوانە و مەشق و ڕاهێنان و خۆحەشاردانیان هەیە، بۆیە ئەم هەماهەنگییە وا دەکات نەتوانن ئەوکارانە بکەن کە مەبەستیانە.
بابەکر زێباری گوتیشی: ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و هەماهەنگی بەردەوامی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق وای کردووە کردووە جموجۆڵەکانی داعش لە ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کەمبێتەوە.
زێباری باسی لەوەشکرد: هیچ کێشەیەک لەبەردەم دەستبەکاربوون و چوونی هەردوو لیوای هاوبەشی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق نەماوە و لەماوەیەکی زۆر نزیک و دوای چوونیان بۆ مەشق و ڕاهێنان دەستبەکار دەبن، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەکی ئەمنی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق نەمینێت و چەکدارانی داعش نەتوانن ئەو ناوچانە بۆ خۆیان بەکار بێنن.
بڵند ئیبراهیم