Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. خەلیل غازی: سەردانی شاندی ھەرێم کاریگەری سیاسی لەسەر لایەنە عێراقییەکان هەبوو

شەوی ڕابردوو لە وێبناری لقی ٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان د. خەلیل غازی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تیشکی خستە سەر ڕەوشی نێوان ھەرێم و بەغدا، بەتایبەتی لە پرسی بودجە و مووچەدا ناوبراو ڕوونی کردەوە: ھاتنی شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسییەوە کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو لەسەر لایەنەکانی بەغدا.

د. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەرەڕای ئەو ھەموو بودجەیەی بۆ عێراق دابینکراوە پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام نەدراون، پڕۆژەکانی ئێستا ھی سەردەمی رژێمی پێشوون، بەپێچەوانەوە لەڕووی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە ھەرێمی کوردستان بەراورد ناکرێت لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق، پێویستە ئێمە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا بگۆڕین، خەڵکی شارەزا ڕەوانەی بەغدا بکرێن بۆ ئەوەی سوود لە تواناکانی وەربگرین، سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بوو، ئەو پارەیەی دەدرێت بە ھەرێمی کوردستان قەرز نییە بەڵکو سولفەیە و پێشتر بەغدا پارەی نەداوە بەھەرێم لە مانگەکانی ڕابردوو، ھیچ زیادەیەک ناچێتە سەر ئەو ٧٠٠ ملیارەی ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتی: ھاتنی شاندی پێکهاتوو لە لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسییەوە گرنگی خۆی ھەبوو و کاریگەری سیاسی پەیداکردووە، لە کۆتایی ساڵدا ئەو سولفانە لەگەڵ پشکی ھەرێمی کوردستان لێک دەدرێنەوە ئەگەر ئەو پارەیەی بۆ ھەرێم ڕەوانە کراوە زیاتر بێت دەگوازرێتەوە سەر بەشە بودجەی ساڵی داھاتووی ھەرێمی کوردستان.

د. خەلیل غازی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پێویستە لەسەر ئاستی باڵا شاندی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، چونکە سەردانی شاندی باڵا کاریگەری لەسەر لایەنە سیاسییەکان ھەیە، کاتی ھاتنی پڕۆژەیاسای بودجە ھەر خاڵێک لەناو یاسای بودجەدا کەوتبێتە دەست ئێمە بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە کراوە بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەو لۆغمانەبین، یەکێک لەو لوغمانە نەفەقاتی  فیعلی بوو و بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم پشکی ھەرێمی کوردستان.
لەبارەی دوای کۆتایی ھاتنی ئەو سێ مانگەی مووچەی دابین کراوە د. خەلیل غازی ڕوونی کردەوە: دوای سێ مانگی دیکە و کۆتایی ھاتنی ئەو گوژمەیەی پارە لە بەغداوە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکرێت، بێگومان مەبەست لە پێداچوونەوەش ئەوەیە بڕیاری نوێ بدرێت لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.

قائید میرۆ