Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەی ناوچەی پارتی لە دوزخورماتوو: لیستی ناوی زیان لێکەوتووانمان پێشکەش کردووە

دوزخورماتوو_KDP.info_ بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوزخورماتوو گوتی: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ناوی ئەو خێزانانەی لە دەوزخورماتوو زیانیان بەرکەوتووە لە لیستێکدا پێشکەش کردووە و چاوەڕێی قەرەبووکردنەوەیان دەکەین. بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش کاندیدێکی ئافرەتمان هەیە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکدا بەشداری دەکەین.

بەختیار هیجران، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوزخورماتوو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: تا ئێستا ئەو خێزانانەی لە دوزخورماتوو زیانیان بەرکەوتووە و ماڵیان سوتاوە و تەقێندراوەتەوە قەرەبوو نەکراونەتەوە، بەڵام ئێمە هەفتەی ڕابردوو لیستی ناوەکانمان پێشکەشی قایمقامی قەزای دوزخورماتوو کردووە و چاوەڕێ دەکەین قەرەبوو بکرێنەوە کە 23 خێزان ماڵیان سوتاوە و تەقێندراوەتەوە و 480 خێزانیش ئاوارەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بوونە، بەشێکیان گەرڕاونەتەوە و بەشێکیش تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە، لەوانە 100ماڵ لە شوێنێکن لەبەر ئەوەی کێشەی یاساییان بۆ دروست کراوە ناتوانن بگەڕێنەوە.
بەختیار هیجران گوتیشی: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی حەسمی وەتەنی کە کۆمەڵێک حیزبی سونییە و 30 کاندیدە، ئێمەش کاندیدێکی ئافرەتمان هەیە و ناوی (تارە جەلال)ە ژمارەی 12یە، لیستەکەمان بۆ بەدەستهێنانی 15 کورسی هەوڵ دەدات لە سەلاحەدین، ئێمەش کار دەکەین بۆ ئەوەی کاندیدەکەمان سەربکەوێت.
هیجران باسی لەوەشکرد: لە سەرژمێری 1957دا کورد لە دوزخورماتوو زۆرینە بووە، بەڵام بەهۆی ئەو هەموو تەعدایەی لە کورد کراوە ژمارەمان کەمتر بووەتەوە.


بڵند ئیبراهیم