Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی ڕووداوەكانی ئەم دوایەی كەركووك دەكات

ڕۆژی دووشەممە 18ی ئەیلوولی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی ڕووداوەكانی ئەم دوایەی كەركووك كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان و برینداران كرد و جەختی لەوە كردەوە كە خوێنی ئەو ئازیزانە بەفیڕۆ ناچێت و پێویستە تاوانباران سزای یاسایی خۆیان وەربگرن. سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بەوەدا خوێنی ئەو شەهیدانە و دەنگی ناڕەزاییتان پەیامێكی ڕوون بوو بۆ هەموو لایەك كە كورد گەلێكی زیندوو و هوشیارە و پێویستە سنوورێك بۆ ئەو زوڵم و ناهەقیە دابنرێت كە لەدژی هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك دەكرێت. ئەوەشی بە ئامادەبوان ڕاگەیاند بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ناسرووشتییەی لە كەركووك هەیە مانای ئەوە نیە كە دەستبەرداری ناسنامەی كەركووك دەبین چونكە كەركووك بۆ هەموو تاكێكی كورد ڕەمزێكی گەورەیە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە كەركووك دەبێت بۆ هەمووان بێت و ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی و ئەو گرفتانەی كە ئێستا لە ئارادان بە خۆسەپاندن و توندوتیژی چارەسەر ناكرێت بەڵكو دەبێ بۆ چارەسەری كێشەكان زمانی عەقل و مەنتق بەكار بهێندرێت.

لە بەشێكی تری وتەكەیدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە بە قووڵی لە ئێش و ئازارەكانی هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك تێدەگات و داواشی كرد كە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە سەركەوتنی ئەو هەوڵە نامەسئولانە نەدرێت كە نیەتی ئەوەیان هەیە ناكۆكییە سیاسییەكانی لایەنەكان بكەنە ناكۆكیی و ململانێیی نەتەوەیی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك.