Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراکسیۆنی پارتی: ھەمووان ھاوڕابوون مووچە تێکەڵی پرسە سیاسیەکان نەکرێت

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ناردنی 2 ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان لە دەرئەنجامی سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسروور بارزانی بوو بۆ بەغدا، کە ئەمەش ھەنگاوێک و دەستپێشخەریەکی باش بوو بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن.

دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەردانی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ حکوومەت و لایەنەکان گرنگی زۆری ھەبوو، ھەروەھا ھەوڵێکی جدی بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و ئەنجامی باشیشی ھەبوو کە حکوومەتی عێراق بڕیاریدا 2 ترلیۆن و 100ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت".

دکتۆرە ڤیان گوتیشی: "بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمانیش لەکۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسروور بارزانی ھەمووان ھاوڕابوون و جەختیشیان لەسەر ئەوەکردەوە پێویستە مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی پرسە سیاسیەکان نەکرێت و لایەنە سیاسیەکانیش پێشوازیان لەچارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا کرد، بۆیە ناردنی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا ھەر چەندە لە تموحی ئێمەدا نەبوو، بەڵام دەستپێشخەریەکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا".

ھاوکات باسی لەوەشکرد: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە بووە، بۆیە خۆیی و شاندێکی سەردانی بەغدایان کرد، لەدەرئەنجامی ئەو سەردانە بڕیاردرا ئەو بڕە پارەیە بۆ ھەرێمی کوردستان وەکو چارەسەرێکی کاتی ڕەوانە بکرێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕوونیشیکردەوە: "لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێنج بڕگە لەخۆ دەگرێت لەبارەی ھەرێمی کوردستان، کە ئەوان پێشتر بڕیاریاندابوو 500 ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکەن بە قەرز، بەڵام بۆ 700 ملیار دینار زیادکرا، ھەر چەندە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای 800 ملیار دیناری کردبوو، بۆیە 700 ملیار دینار باشە بۆ ئێستا، چونکە خۆی لە بوودجەدا ھاتووە پشکی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵێک 9 ترلیۆن و 299 ملیار دیناره‌ و ھەر لە بوودجەش دا باسی مووچەی خەڵکی ھەرێم کراوە، کە دەکاتە مانگانە زیاتر لە 800 ملیار دینار ئەمەش ھەنگاو و دەستپێشخەریەکی باش بوو".

 

بڵند ئیبراھیم