هاودەنگ فارووق
شۆڕشی ئەیلوول، لە کاتێکدا هەڵگیرسا، كە شەوی دەیجووری كورد بوو، بارزانی نەمر توانی لەو شەوە ئەنگوستەچاوەدا ترووسكاییەك بكاتەوە، ئێستاش، سەرۆك مەسعود بارزانی، بە حیكمەت و دانایی و لێزانی و بیرتیژیی خۆی، هەنگاو بە هەنگاو پێشڕەوی نەتەوەی كورد دەكات بۆ گەیاندنی گەلی كوردستان بۆ ئەودیوی تونێلەكە.
هەموو قوتابییانی ڕێبازی بارزانیش، گوێڕایەڵ و بە گیان و ئیرادەی سەرەتای شۆڕشەوە، لە دوای سەرۆكەوە ڕێدەكەن و، دڕ بەو یەڵدایە دەدەن، كە داگیركەر بۆ كوردی خوڵقاندووە.
هیندییەکان لە سەروبەندی ڕزگاربوونیاندا لە دەست داگیرکاریی ئینگلیز و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، ڕۆژانە بە سەدانیان لە برسان دەمردن! وڵاتانی ئەورووپایی، کەشتییەکی گەورەی پڕ خۆراکیان بۆ دەنێرنە کەنارەکانی دەریای هیند، حزبەکانی هیندستان سەرباری ناکۆکی و ململانێی توندیان، لەگەڵ سەردارانی وڵات، هەموو وێکڕا کۆبوونەوە و بڕیاریان دا، خۆراکی هەناردەکراوی داگیرکەر ڕەتکەنەوە. یەک مانگ کەشتییەکە لە کەنار دەریادا مایەوە، تا بە خۆراکی بەسەرچووەوە گەڕێندرایەوە، یەکدەنگ گوتیان: با بمرین لە برسان، بەڵام کەڕامەتی میللەتی هیند پارێزراو بێت، با بە گەلێکی دەرۆزەکەرمان ناوزەد نەکەن.
كورد هەرگیز لە برسان نەمردووە، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕینیش سەری بۆ موچە و بۆ پارووەنانێك شۆڕ نەكردووە، نابێت بهێڵین پەڵەی شوورەییمان بە نێوچاوانەوە بلكێت، وەک میللەتێکی ژێرپێی نەتەوەی سەردەستەی خۆسەپێنی عێراق ودەستپانكەرەوە داگیرکەران وێنا بکرێن.
بڕیاری ژیرانە بۆ ئەم پرس و ئەم دۆخە، دەبێ لە بازنەی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان دەرنەچێت.
پێویستە پارەدار و دەوڵەمەند و كۆمپانیاكانی كوردستان كە لە سایەی ئەو حكومڕانی و ئازادیی و زەمینەی ئاسایشی كوردستاندا، پێگەیشتوون، ویژدانی خۆیان ئاسوودە بكەن و خۆیان دەستپێشخەربن، دەستباری حكوومەتی خۆیان بن، بۆ پرسی موچە هاوكاربن و باربۆی فەرمانبەران بن، نەهێڵن كەرتەكانی ژیان و بووژانەوەی بووەستن.
ئەوانە مێژوو بە شانازییەوە ناویان دەنووسێتەوە. لەم كاتەدا، كە دەستبادانی كوردستان لەلایەن بەغدا و ئەجێندای دەرەكی گەیشتووەتە قۆناغێكی هەستیار، پێویستە كات بە فیڕۆ نەدرێت و هەنگاوی جیددی بنرێت بۆ ئەوەی شكۆی كورد بپارێزرێت.
لەم نێوەندەدا، بەرپرسیارێتیی هەمووانە دەست لەناو دەست و لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانكارییەكانی قۆناغەكە بجوڵێن و ئەنجوومەنێك یان ژوورێكی ئۆپەراسیۆن لە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستان و پێكهاتە سیاسییەكان دابنرێت و ببێتە هاوكار و دەستباری بڕیارەكانی حكوومەت بكات و وەك ئەنجوومەنێكـــی ڕاوێژكاریش كار بكات بۆ ئەوەی بەردەوام پێشنیاز بداتە حكوومەت تاكوو حكوومەتی كوردستان بتوانێت وەك كەناڵێكی شەرعی و یاسایی كاری خۆی بكات. بەپرسیارێتی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و گەیاندنی كورد بە كەناری ئارامی، تەنها بەرپرسیارێتی یەك لایەن و یەك ناوچە و شارێك نییە، بەڵكوو بەرپرسیارێتیی هەمووانە. هەمووان پێویستە خۆ گورج بكەنەوە، وەڵامی ئەم تەحەدا گەورەیە بدەنەوە.
ناكرێت لێگەڕێین تۆپەڵە بەفرەكە خلۆر ببێتەوەو، شكۆ و مێژوومان ببێت بە ژێرییەوە.