Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەھۆی بڕیارەکەوە ھەزاران خێزانی نەدار دڵیان خۆشبووه‌

ھەولێر-KDP.info- ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پێشنیاری سەرۆک بارزانی و بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی دانەوەی قەرزی پێشینەی ھاوسەرگیری و خانووبەرە دڵخۆشن و گەنجێکیش دەڵێ، بڕیارەکە لەبەرژەوەندی خەڵکی ھەژار و نەدارە.

نەبەز عومەر، گەنجێکی شاری ھەولێرە و بەھۆی نەبوونیەوە نەیتوانیوە پێشینەی ھاوسەرگیری بۆ حکوومەت بگەڕێنێتەوە، ناوبراو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت لەکاتێکی گونجاودا بوو، چونکە ھەرچەندە لەڕووی یاسایی مافی حکوومەتە پێشینەکان وەربگرێتەوە، بەڵام لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی ھاووڵاتیانی کوردستان بڕیارێکی گرینگ بوو، ھاوکات دەستخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکەم بۆ پێشنیارەکەی، ھەروەھا سوپاسی سەرۆکی حکوومەتیش دەکەم بۆ جێبەجێکردنی بەھۆی بڕیارەکەوە ھەزاران خێزانی نەدار دڵیان خۆشبوو بەم بڕیارە".

دڵگەش حەسەن، گەنجێکی دیکەی قەرزاری حکوومەتە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێش چەند ڕۆژێک سەردانی گەنجینەم کردوو دوای پێداچوونەوە بەو قەرزەی لەسەرم کەڵەکە بووە دەرکەوت زیاتر لە چوار ملیۆن دینار قەرزاری حکوومەتم، بەداخەوە بەھۆی نەبوونی داھات نەمتوانی لەکاتی خۆیدا قەرزەکە بگەرێنمەوە ناچار بەدڵێکی شکاو گەڕامەوە بۆ ماڵ، بەیانی ئەمڕۆ ھاوڕێیەکم موژدەی ئەوەی پێڕاگەیاندم سەرۆکی حکوومەت بڕیاری پێداچوونەوە بە پێشینەکانی دەرکردووە، بەڕاستی جێی دەستخۆشیە بۆ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەت".

هاوکات ‎رەھێڵ سەباح، ھاووڵاتیەکی دیکەی قەرزاری حکوومەتە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "پێش قەیرانی دارایی و شەڕی داعش سوودمەندبووم لە پێشینەی خانوو، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ڕەوشی ھەرێمی کوردستان لەڕووی دارایی لە توانامدا نەبوو لەکاتی خۆیدا پێشینەکان بگەڕێنمەوە، پێویستە حکوومەتیش باری دارایی خەڵکی لەبەرچاو بگرێت، ئەو بڕیارەی دوێنێ درا سەدا سەد لەبەرژەوەندی خەڵکی نەدار و ھەژارە، چونکە خەڵکی خوا پێدراو پێویستی بە وەرگرتنی پێشینە نیە".

 

قائید میرۆ