Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کاندیدانی پارتی یەکلا بوونەتەوە و حەوت کەس کاندیدن

مەخموور-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی لە قەزای مەخموور ئاشکرایکرد، کاندیدانی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە سنووری مەخموور یەکلا کراونەتەوە و دەشڵێت، ھەموو ئامادەکاریەک بۆ ھەڵبژاردن کراوە لە سنووری مەخموور.

یەحیا پالانی، بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە سنووری مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پارتی ھەموو ئامادەکاریەکی کردووە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە سنووری مەخموور و حەوت کەس کاندیدی پارتین لە مەخموور بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا،  ھاوکات کاندیدانی ئێمە ھەموو مەرجێکی یاساییان تێدایە و لەھەردوو نەتەوەی کورد و عەرەبی سنوورەکە پێکھاتوون، ھەروەھا کاندیدانی پارتی یەکلا بوونەتەوە و تەنیا رێکاری یاسایی ماون بۆ ئەوەی لە کۆمیسیۆن تۆمار بکرێن".

پەیوەست بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "حەوت بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە سنووری مەخموور کراونەتەوە و دوو ڕۆژی دیکەش ماوەی خۆتۆمارکردن درێژ کراوەتەوە، ھەروەھا رێژەی بەشداریش لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران گەیشتووەتە سەرەوەی ٩٥%ی دەنگدەران ئەوەش ژمارەیەکی بەرچاوە".

یەحیا پالانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئێمە کەمپێکی ئاوارەمان ھەیە لە دیبەگە و سێ ھەزار و ٤٠٠ دەنگدەری تێدایە کە کۆمیسیۆن بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی بردووەتە نێو کەمپەکە و بۆ ڕۆژی ھەڵبژاردنیش بنکەیەکی دەنگدان لە کەمپەکە دەکرێتەوە بۆ ئەوەی ئاوارەکانی مەخموور بێبەش نەکرێن لە مافی دەنگدان".

 

قائید میرۆ