بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی لە مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوای پارتی ئاشکرایکرد، بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا تەواوبووە و لە چەند رۆژی داھاتوودا بە فەرمیی پارتی دەگەڕێتەوە مووسڵ و مەکتەبی ڕێکخستن دەکرێتەوە.
سەیدۆ چەتۆ شنگالی، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پارتی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی لە مووسڵ تەواو کردووە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بەشێوەیەکی فەرمیی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا بکرێتەوە و پارتی بگەڕێتەوە مووسڵ، بێگومان پارتیش وەک ھەر ھێزێکی دیکەی سیاسی لە چوارچێوەی یاسا مافی ھەیە مومارەسەی کاری پارتی خۆی بکات، بەتایبەتی لە شوێنێکی وەک نەینەوا.
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: پارتی لە دامەزراندنییەوە تا ئێستا پێگەیەکی بەرفراوانی جەماوەی لە پارێزگای نەینەوا بە گشتی و شاری مووسڵ بەتایبەتی ھەبووە، بۆیە نەینەوا بۆ پارتی گرینگی خۆی ھەیە.
سەیدۆ چەتۆ شنگالی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: دوای کردنەوەی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوا پارتی بارەگاکانی دیکەیش لە مووسڵ و دەوروبەری دەکاتەوە و لق و ناوچەکانی پارتی لە سنوورەکە دەست بەکار دەبن، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا بارەگای مەکتەبی ڕێکخستن دەکرێتەوە کە ھەموو ئامادەکاریەکی بۆ کراوە.
قائید میرۆ