Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وردەکاری پەسەندکردنی مادده‌كانی پڕۆژەیاسای بودجە كه‌ پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق باسی وردەکاری پەسەندکردنی ئەو مادانەی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستانن لە پڕۆژە یاسای بوودجە ھەروەھا ئەو مادەی ماوەش پەسەند بکرێت دەکات و دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئەو مادانەی پەسەند کراون ئێمە پێی ڕازین و بەھۆی ناڕەزایەتی ئێمەش ماددەی 14 بۆ ئەمڕۆ دواخراو چاوەرێ دەکرێت ئەمڕۆ بوودجە بە تەواوی پەسەند بکرێت.

ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، دکتۆر سەباح سوبحی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەردوو ماددەی 12 و 13ی تایبەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراق تێپەری و ماددەی 14 ماوە، ئێمە لە خاڵی حەوتەم کێشەمان ھەبوو کە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا لیژنەیەکی ھاوبەش پێکدێنن بۆ ئەوەی ئەگەر ھات ھەر کێشەیەک ھەبێت، ڕاسپاردەی خۆیان بەرزبکەنەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەو رێکارەکان بگرێتەبەر و بڕیار بدات، ھەروەھا ئەگەر ئەویش دەستکاری کرا و سەرۆکوەزیرانیش لابرا نابێت لە دەستوور لابدات و ئەگەر کێشە ھەبوو بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکرێت بە بڕینی بوودجە ئێمەش ئەوەمان قبوڵ نەکرد کە مادەیەکی زۆر مەترسیدارە، چونکە دەتوانن دژی ئێمە بەکاری بێنن و بیانومان پێبگرن، بۆیە ئەو مادەیە دەنگی لەسەر نەدرا و بۆ ئەمڕۆ دواخرا و لەسەر مادەکانی دیکە گفتووگۆ کرا، کە بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 5:00ی ئێوارە کۆبوونەوە دەست پێدەکات".

دکتۆر سەباح سوبحی گوتیشی: "ماددەی 12 پەسەندکرا کە باس لەوە دەکات ھەرێمی کوردستان داھاتی خۆی ھەیە چۆن سەرفی دەکات و قەرزەکانی چۆنە، واتا ھەموو وردەکارییەکەی تێدایە و لە مادەی 13 دوو بڕگە لەخۆدەگرێت، یەکێک باسی تەسویاتی مالی نێوان ھەرێم و بەغدا لە 2004 تا ئێستا بکرێت و لە بڕگەی دووەم باسی پابەندبوون دەکات کە ھەرێمی کوردستان 400 ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت بە رێگای بەندەری جەیھان بە ھەماھەنگی لە نێوان کۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئەگەر نەتواندرا بیفرۆشن لە ناوخۆ بەکار دەھێندرێت و وەزارەتی دارایی قەرەبووی ھەرێمی کوردستان دەکات لە تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوە و دەرھێنانیش کە بەغدا پارە دەدات و ھەرێمی کوردستانیش پێویستە داھاتە نانەوتییەکان پێیەوە پابەندبێت، بۆیە مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دینار بۆ ھەرێمی کوردستان دێت".

سوبحی باسی لەوەشکرد: "بڕگەی پاشەکەوت لابرا بەھۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ئامادە نەبوو بوودجەی بۆ دابین بکات و ئەو بڕگەی باسی ئەوە دەکات بە شێوەی جیا مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی ھەرێم بکرێت ئەوەش لادرا، بۆیە پێموایە ئەمڕۆ پڕۆژە یاساکە پەسەند دەکرێت بە تەواوی، چونکە گفتووگۆ دانوستان بەردەوامە".

 

بڵند ئیبراھیم