Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قایمقامی باتۆفا": لە ئایندەیەکی نزیک دەست دەکرێت بە دروستکردنی نەخۆشخانەی باتۆفا"

بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە قەزای باتۆفە دەست بکرێت بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتی، قایمقامی قەزاکەش دەڵێ: بە دروستکردنی نەخۆشخانەکە ھاووڵاتیان لە خزمەت گوزاری تەندروستی سوودمەند دەبن.

فەرھاد محەمەد، قایمقامی باتۆفە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند": حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی گشتی باتۆفە، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە گوژمەی پێنج ملیار دینار پڕۆژەکە بچێتە بواری جێ بەجێکردن کە ئێستا لە قۆناغی تەندەرە  بۆ ئەوەی کۆمپانیایەک دەست بە پڕۆژەکە بکات.

قایمقامی باتۆفە گوتی": دوای بڕیاری بوونە قەزای باتۆفە، چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێکراون لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، یەکێکیش لە پێویستیەکانی قەزاکە نەخۆشخانەی گشتیە.
 

فەرھاد محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد": نەخۆشخانەی گشتی باتۆفە لە 40 تەخت پێک دێت و زۆربەی بەشە گرینگەکان لەخۆ دەگرێت، واتە پسپۆرییە جیاوازەکانی تێدا دەبێت بۆ وەرگرتنی نەخۆش و چارەسەرکردنیان.

لەگەل تەواوبوونی نەخۆشخانەی گشتی ھاووڵاتیانی قەزاکە سوودمەند دەبن لەو خزمەتگوزاریانە، کە پێشتر نەبوون یان کەمتر بوون لەڕووی تەندروستیەوە.

قائید میرۆ