Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. بەشیر حەداد: ئەوەی لیژنەی دارایی کردوویەتی، نایاساییە

هەڵەبجە -KDP.info- گرووپێک ئەندامی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گۆڕانکارییان کردووە لە ماددەکانی 13 و 14ی پرۆژەیاسایی بودجەی عێراق کە دژ بە خەڵکی کوردستانە و جێگری پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، هەموو ئەو دەستکارییانی کردوویانە نایاسایی و ناسیاسین و پێویستە هێزەکانی ناو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئەندامەکانیان کۆنترۆڵ بکەن و ڕێز لە ڕێککەتنەکەیان بگرن.

دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو گۆڕانکارییانەی کرا لە ماددەکانی 13 و 14 پرۆژەیاسای بودجەی عێراق، زیادکردنی چەند بڕگەیەکی نایاسایی و ناسیاسی و نامەنتیقین، پەرلەمان دەنگی داوە بە حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی و ئەم گرفتدروستکردنە بۆ کابینەکەی دەڕواتە قاڵبێکی نالۆجیکی و نابێت دژی حکوومەتێک بیت، خۆت دەنگت پێ داوە و کارنامەکەیت بۆ پەسەند کردووە، هەروەها ناسیاسییە کورد و بەتایبەت پارتی لەناو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردندا ڕێککەوتنی هەیە لەگەڵ ئەو لایەنانە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، کەواتە ئەو هەنگاوانەی نراون پێچەوانەی ڕێککەوتنەکەیە ئەگەر لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەت نەتوانن ئەندام پەرلەمانەکانی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن و پێچەوانەی ڕێککەوتنە سیاسییەکە کار بکەن، ڕێکەتنەکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە".

بەشیر حەداد گوتی: "لەو بڕگانەی گۆڕانکارییان تێدا کراوە لە خاڵی 2ی ماددەی 13 دەڵێ حکوومەتی هەرێم ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، لە ماددەی 14 هاتووە و دەڵێ، بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکان لەژێر دەستی حکوومەتی هەرێم دەربهێندرێت، نیوەی کێڵگەکانی نەوتی لێ وەردەگرێتەوە و داواش دەکات ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات، ئەمە کاردانەوەیەکی سیاسین هەندێک لە ئەندامەکانی لیژنەی دارایی بۆ دروستکردنی فشار لەسەر حکوومەتی کوردستان و پارتی بەتایبەتی، تەنها چارەسەریش سیاسییە و دەبێ بەپەلە لە نێوان لایەنەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گفتوگۆ بکرێت، ئەم گۆڕانکارییانە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی پێ بدرێت و تێ پەڕێت، ئەو ڕێککەوتنانەی بۆ پێکهێنانی حکوومەت کراون، هیچ بەهایەکیان نامێنێت".

گوتیشی:  "ئەوەی لە لیژنەی دارایی کراوە تەنها پێشنیارە، دەڕواتە ناو هۆڵی پەرلەمان ئەگەر دەنگی لەسەر درا ئەوە دەبێتە یاسا و دەنگیشی نەهێنا ئەوە ئەو ماددانە دەمێنێت لە حکوومەتەوە هاتووە، بۆیە پێش ئەوەی بڕواتە هۆڵی پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە لەگەڵ لایەنەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و نەتوانن ئەندامەکانی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن ئێمە بۆ حکوومەتمان لەگەڵیان پێک هێناوە کە نەتوانن مافی هەمووان بپارێزن".

زیاتر گوتی: "کاتێکیش ئێمە لە بەغدا بووین گوتوومانە هەر گرژییەک لە کوردستان لە نێوان لایەنەکان ڕوویان دەدا دەگوێزرایەوە بۆ بەغدا، ئەوەی لە کوردستان ڕوو دەدات پێویسته هەر لە کوردستان چارەسەر بکرێت، پێویستە لە نێوان پارتی و یەکێتییش ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت، بەغدا ئیستغلالی فرسەت دەکات، هەرکات ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەبووبێت لایەنەکانی بەغدا فشارەکانیان توند دەکەنەوە".

عەزیز ڕەسووڵ