Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ 200 ملیاری دیکە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی، دوای ئەوەی ھەفتەی رابردوو حکوومەتی عێراق 200 ملیار دیناری بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە کرد، بڕیارە ئەمڕۆش 200 ملیاری دیکە بنێرێت، ئەمەش بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانە.

فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەم دواییانە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ناردنی 400 ملیار دیناری دا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، کە 200 ملیار دینار لەرێگەی بانکی ڕافیدەین و 200 ملیار دیناریش لەرێگەی بانکی ڕەشید، ئەوەی بانکی ڕافیدەین رێکارەکانی تەواوکرد و پارەکەی ڕەوانە کردووە بۆسەر ژمارە حیسابی بانکی ھەرێمی کوردستان لەرۆژی چوارشەممەی رابردوو".

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتیشی: "ئەوەی بانکی ڕەشید ھەموو رێکارەکانمان تەواو کردووە و بڕیارە ئەو 200 ملیار دینارەش ئەمڕۆ بخرێتە سەر ژمارە حیسابی بانکی ھەرێمی کوردستان، بەمەش ھەر 400 ملیار دینارەکە تەواو دەبێت".

 

بڵند ئیبراھیم