Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: پارەیەکی کەم بۆ ئاوارەکان تەرخانکراوە

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی، لە پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراق بڕە پارەیەکی کەم بۆ ئاوارەکان تەرخانکراوە، کە تەنھا 350 ملیار دینارە، بۆیە لە ھەوڵدایین بۆ ئەوەی زیاد بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بانگھێشتی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکەین.

شەریف سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراق بۆ ئەمساڵ بڕە پارەیەکی کەم بۆ ئاوارەکان تەرخانکراوە کە تەنھا 354 ملیار دینارە کە ئەو بڕە پارەیە زۆر کەمە و بەشی خزمەتکردنی ئاوارەکان ناکات، چونکە ھێشتا ئەوانەی گەڕاونەتەوە ھەمووان قەرەبوو نەکراونەتەوە کە ژمارەیان 450 ھەزار خێزانەو ھێشتا مینحەی ملیۆن و 500 ھەزار دیناریان وەرنەگرتووە، بۆیە پێویستە ئەو بڕە پارەیە زیاد بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ھەوڵی بەردەوام داین".

ھاوکات باسی لەوەشکرد: "ھەوڵدەدەین کە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بانگھێشتی پەرلەمان بکەین بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە بدات لەبارەی تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ ئاوارەکان، چونکە پارەکە کەمە و ئاوارەکان پێویستیان بە خزمەتکردنی زۆر ھەیە بەتایبەت ئەگەر بگەرێنەوە پێویستە پارەیەکی زۆریان بۆ تەرخان بکرێت".

ناوبراو جەختیش دەکاتەوە: "نیازمان وایە رێککەوتنی گەڕانەوەی ئاوارەکان جێبەجێ بکرێت، ئەوەش پێویستی بە بوودجەیەکی باش ھەیە، بۆیە پێویستە بوودجەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران زیاد بکرێت، چونکە بەس گەڕانەوەیان پێویستی بە 600 ملیار دینار ھەیە".

 

بڵند ئیبراھیم