Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. بێوار خنسی: ئەگەر عێراق و کوردستان پەلە نەکەن لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، ڕۆژانە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دۆلار زیان دەکەن

هەولێر-KDP.info- نزیکەی مانگێک بۆ ٤٠ ڕۆژ دەبێت هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و بەمەش زیانێکی زۆر بە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە. دەنگۆی ئەوەش هەیە بەم نزیکانە دەست بە هەناردەکردنی بکرێتەوە، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەمە زیانێکی زۆر گەورەیە ڕۆژانە بەر خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەوێت و پێشبینی دەکات لەم ڕۆژانە بەجددی کاری لەبارەوە بکەن و دەست پێ بکاتەوە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک.

پەیوەست بەو باسانەی کەوا لەم ماوەیە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە، د. بێوار خنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو ڕێککەوتنی کرد لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ئەرکی خۆی بەجێ هێنا و ڕازی بوو بەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بچێتە دەرەوە لە ڕێگای سۆمۆوە، نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سۆمۆ سەرپەرشتی و کارگێڕیی فڕۆشتن و ئاگا لێبوونی ئەم بابەتە بکەن، ئەوەی تر کە ماوە نێوانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵی و تورکیایە بۆ ئەوەی ئەم کارە بە زووترین کات ڕێک بخرێت، تاوەکوو نەوتی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت، وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی گوتی، ئەمە زیانێکی زۆر گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش، لە دواکەوتنی بەڕێنەکردنی نەوت، چونکە بودجەی ٢٠٢٣ دەڵێت، دەبێت ڕۆژانە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیلی نەوت بفرۆشرێت، لەوانە ٤٠٠ هەزار لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٨٠ هەزارێکیش لە کێڵگەکانی کەرکووک و لەوانەیە لە ئایندە زیاتریش بێت.''

ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر دەڵێت: "عێراق لە ڕاگرتنی ئەم ڕێژەیە بە نرخی ئەمڕۆ، ڕۆژانە بەلای کەمەوە نزیکەی ٤٠ ملیۆن دۆلار زیان دەکات، واتا لە ماوەی یەک مانگ ڕاگرتنیدا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار زیان لە حکوومەتی عێراق دەکەوێت لە بودجەی ٢٠٢٣دا لەو کاتەدا کە کورتهێنانێکی زۆری هەیە و نزیکەی ٦٤ ترلیۆن دینارە. هەروەها ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەکانی کەرکووک ڕاگیراوە نزیکەی سەدا ١٣.٣یە لە هەموو ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت.''

ئاماژەی بەوەش دا: دەبێت بە زووترین کات لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەموو عێراق و حکوومەتی فیدراڵ بە پلانی سەرۆکوەزیرانی ئیدارەی وڵات ڕێگا بکەنەوە بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێڵگەکانی کەرکووک لە ڕێگای بۆڕیی هەرێمی کوردستانەوە بگاتە دەرەوە بۆ ئەوەی بودجەی ٢٠٢٣ لە داهاتوودا تووشی کێشەی کورتهێنان نەبێت، ئەم کورتهێنانە زووتر ڕابگیرێت، ئەگەر زۆرتر بێت ئەمە کێشەیەکی گەورەیە لەم کاتەدا یەکێک لە خاڵەکان ئەوەیە کە پرۆژەی بودجەی ٢٠٢٣ ڕاگیراوە لەسەر یەک خاڵی سەرەکی، ئەویش ئەوەیە کە کورتهێنانێکی زۆر دانراوە و دەیانەوێت کەمی بکەنەوە لەو کاتەی کە نەوت ڕاگیراوە ئەم کورتهێنانە بەرەو بەرزایی دەچێت و دەگاتە نزیکەی ٩ ترلیۆن دینار، لەبەر ئەوە هیچ چارەیەک بۆ حکوونەتی عێراق نییە و بەرژەوەندیی حکوومەتی هەرێم و خەڵکی عێراقیش لەوەدایە کە بە زووترین کات ڕێگا بدەن نەوتی هەرێمی کوردستان بەڕێ بکرێت و ئەم کێڵگانە بکەونە کار و کاریگەریی لە سەر ژیانی خەڵک نەبێت.''

خنسی گوتیشی: "گاز ڕۆڵێکی سەرەکیی هەیە بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ خزمەتگوزارییەکان و بۆ ئیدارەی پرۆژە ئابوورییەکان و کەمبوونی غازی سروشتی و کەمبوونی سووتەمەنی کێشە درووست دەکات بۆ کارەبا و ژیانی خەڵک، لەبەر ئەمە دەبێ عێراق بە زووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر بکات لەگەڵ حکوومەتی تورکیا، ئەم بابەتە چەندی دوا بکەوێت زیان دەکەن، بۆیە پێشبینی دەکەم بەجددی و بە زووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەن.''

 

فایزە کۆیی