سۆران -KDP.info- مامۆستایه‌كی زانكۆی سۆران پێی وایه، په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی پێش بوونی یاسا‌یه و یاسا كه حكوومه‌ت پیاده‌ی ده‌كات بۆ ڕێكخستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌یه به‌پێی ژینگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی. پێیشی وایه حكوومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی باڵایه و پێویسته نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌و جێبه‌جێكردنه‌ی پێ بسپێردرێت و په‌یڕه‌ویی لێ بكرێت.
دكتۆر سۆران عه‌لی، مامۆستای فاكه‌ڵتی یاسا و زانسته سیاسییه‌كانی زانكۆی سۆران، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌مه‌ڕ پێویستیی جێبه‌جێبوونی یاسا له كوردستاندا ڕایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر یاسا به مانای ڕێسای ڕێكخه‌ری په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بێت، مانای ئه‌وه‌یه بوونی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێش بوونی یاسا‌یه و له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ركی یاسا هێنانه‌كایه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان نییه به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌ركی ڕێكخستنیانی له ئه‌ستۆدایه، هه‌ڵبه‌ته ڕێكخستنی یاساییش په‌یوه‌سته به هه‌لومه‌رج و بارودۆخی جیاوازی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ئایینی و پێشخانی ئابووریی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ویستی ڕێكخستنی یاسای تێدا دیار دەخرێت، كه‌واته پێویستە هێزێكی ده‌سه‌ڵاتی باڵا هه‌بێت كه ناوه‌رۆكی ئه‌و ڕێكخستنه یاسایییه‌ی هه‌ڵقوڵاوی ناخی كۆمه‌ڵگا بسه‌پێنێت و لاده‌ران و پێشێلكارانی به سزا بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام كاتێك ئه‌م ده‌سه‌ڵاته توانا و هێزی سه‌پاندنی یاسای ده‌بێت كه نوێنه‌ری گه‌ل بێت و ده‌نگ و ئیراده‌یان دیار بخات، ئه‌مه‌ش خاڵی گه‌یشتنه به شه‌رعییه‌ت.''
دكتۆر سۆران هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به یاساسه‌روه‌ری له‌پێناو پاراستنی ئاسایشی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و بنه‌ماكانی مه‌شرووعیه‌ت و ئه‌رك و ماف و متمانه‌ی هاووڵاتییان به حكوومه‌ت گوتی: "بۆ پابه‌ندبوونی ڕاسته‌قینه به چوارچێوه‌ی یاسایی لەپێناو ڕێكخستنی كایه‌ی كۆمه‌ڵگا و په‌یوه‌ندییه ڕێكخراوه‌كانی ناو کۆمەڵگا، پێویستە گه‌یشتن به وێستگه‌ی مه‌شرووعییه‌ت مەبەست بێت، ئەو وێستگەیەش پابەندبوونی فه‌رمانڕه‌وا و تاك تاكی هاووڵاتییانه به ناوه‌رۆكی یاسا دانراوه‌كان بۆ ئەوەی متمانه‌ی هه‌مه‌لایه‌نەی لێ بكه‌وێته‌وه. ده‌رئه‌نجام ئه‌گه‌ر دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تی و كارگێڕییه‌كان و تاك تاكی هاووڵاتییان ئامانجیان پاراستنی شكۆ و پیاده‌كردنی مافه‌كانیان بێت، پێویستە به ئه‌ندازه‌ی مه‌ترسیی ناسه‌قامگیری و هه‌ره‌سهێنانی دامه‌زراوه‌كان و نەمانی ئۆقرە لە ژیانی ئارامی هاووڵاتییاندا هاوكار و یارمه‌تیده‌ر و ته‌واوكاری یه‌كتر بن بۆ دیارخستنی ده‌رئه‌نجامی دروستی هاوكێشه‌ی ویستی گه‌ل و متمانه‌یان بۆ فه‌رمانڕه‌وایان و ئامانجی خزمه‌تی گه‌ل له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه.''
سه‌لاح جه‌لال