ئەلقووش -KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقۆوش ئاشکرای کرد، دوای ھەوڵێکی زۆر بڕیارە مانگی داھاتوو دەست بە دووسایدکردنی ڕێگای ئەلقووش بکرێت لە ئۆڤەرپاسی باعەدرێ تا بەدریک و، دەشڵێت، ڕێگایەکی ستراتیژییە و بەھۆی یەکسایدیی ڕێگاکەوە دەیان ھاووڵاتی بوونەتە قوربانی.
لارا زارا، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقووش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێگای سەرەکیی باعەدرێ بۆ بەدریک دەکرێتە دووساید و بە درێژاییی ٢٢کم ئەو ڕێگا نێودەوڵەتییە یەکساید بووە، چەندین ڕووداوی ھاتوچۆ لەو ڕێگەیە تۆمار کراون و بەردەوام کێشەی ھاتوچۆ ھەبووە لەسەر ئەو ڕێگایە، لەبەر ئەوەیش بە ڕێگای مردن ناوبانگی دەرکردبوو، بڕیار لەسەر دووسایدکردنی ڕێگاکە دراوە و ڕەوانەی کۆمپانیاکان کراوە بە مەبەستی جێبەجێکردن.''
بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقووش گوتیشی: "پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق جێبەجێ دەکرێت و مانگی داھاتوو کۆمپانیای جێبەجێکار دەستبەکار دەبێت بۆ ئەوەی لە کاتێکی زوودا کۆتایی بە دووسایدکردنی ڕێگاکە بێت.''
لارا زارا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ڕێگاکە لە ئۆڤەرپاسی باعەدرێ ھەتا سێڕێیانی بەدریک ھەمووی دەکرێتە دووساید و دوای تەواوبوونی، کێشەی ھاتوچۆ لەو ڕێگایە نامێنێت، چونکە ڕێگایەکی ستراتیژییە و ڕۆژانە ھاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە، جگە لەوەی ناحیەی ئەلقووش دەکەوێتە سەر ئەو ڕێگایە و پارێزگای دھۆک و مووسڵ ھاتوچۆیان لەسەر ڕێگاکەیە و ئەو بارھەڵگرانەی لە تورکیاوە دێنە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەو ڕێگایەدا ھاتوچۆ دەکەن.''
قائید میرۆ