Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنەکەسە: هەرێمی کوردستان هەمیشە خەمخۆری هەر چوارپارچەی کوردستانە و ئامادەیە بۆ هاوکاریکردنیان

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی ئەنەکەسە لە هەرێمی کوردستان گوتی، هەرێمی کوردستان بە هاوکارییەکانی ئەم دواییانە سەلماندی کە خەمخۆری هەموو پارچەکانی کوردستانە و لە هەر پارچەیەک پێویستییان بە هاوکاری هەبێت هاوکارییان دەکات، ئەم هاوکارییانەش جاری یەکەم نییە و چەندین جارە هاوکارییەکان دەکرێن و خەڵکیش باش لەوە گەیشتوون و شانازیی پێوە دەکەن.

نەواف حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی ئەنەکەسە لە هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمە جاری یەکەم نییە هەرێمی کوردستان هاوکاریی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و بەردەوام دەبێت و هەرێمی کوردستان ئەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت و بۆ مێژوو ئەو کارە دەکات بۆ ئەوەی بۆ هەموو وڵاتان بسەلمێنێت کورد لە کوێ پێویستی بە هاوکاری هەبێت، هاوکار دەبن   بێ جیاوازی و خۆیشی بە خاوەنی هەر چوارپارچەی کوردستان دەزانێت و خەمخۆر و هاوکاری هەموو پارچەکانی کوردستانە.''

نەواف حەسەن گوتیشی: ''ناردنی هاوکاریی هەرێمی کوردستان لە سنووری دوو دەوڵەت بۆ عەفرین کە پێشتریش هێزی پێشمەرگە ڕۆیشتن بۆ کۆبانێ، خەڵک بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان دەزانن و شانازیی پێوە دەکەن و سەرۆک بارزانی وەکو مەرجەعی سیاسی و نەتەوەیییە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان و خەڵکیش ئەمە دەزانێت، بەڵام کە ئەو هاوکارییانە دەبینن زیاتر دڵخۆش دەبن کە کورد هەمیشە زیندووە و هاوکاریی یەکتر دەکەن و بێکەس نین.''

حەسەن ڕوونیشی کردەوە: ''هەر پارچەیەکی کوردستان پێویستی بە هاوکاری هەبێت هەرێمی کوردستان بێ دوودڵی هاوکاریی دەکات، بۆیە هەرێمی کوردستان نموونەیە و سەرۆک بارزانییش سەرۆکی کوردانە لە هەر چوارپارچەی کوردستان و هەر کوردێک لە هەر شوێنێکی دنیا بێت، بۆیە جێگەی شانازیی هەموو کوردانە.''

بڵند ئیبراهیم