هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی عێراقە و دەشڵێت، پێویستە بە ھەموو لایەک هەوڵی ھەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی بدەن.
دژوار فایەق، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ماددەی ١٤٠ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''بڕیاری دادگای فیدراڵی بە راگرتنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان دژی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی عێراقە، کە لە سایەیدا حکوومەتی بەغدا پێک ھات، دژی بەرنامەی وەزاریی حکوومەتی عێراقە کە لایەنە سیاسییەکان لەسەری رێک کەوتوون، بەتایبەتی خاڵەکانی ٢٠ و ٢٣ لەبەر ئەوە، پێویستە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە سیاسییەکان کار بەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی نەکەن.''
ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: ''حکوومەتی ھەرێم و فیدراڵ لە پەراوێزی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و کارنامەی حکوومەتی نوێ خەریکی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقن و ناکرێت دادگا بە ھەندێ بڕیار لەدژی ھەرێمی کوردستان هەوڵەکان لەبار ببات.''
دژوار فایەق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا و لایەنەکانیش هەوڵی راستکردنەوەی یاسای دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بدەن ھەروەکوو لە بڕگەی دووەمی کارنامەی حکوومەتی عێراقدا ھاتووە بۆ پێداچوونەوە بەو یاسایەدا.''
قائید میرۆ