Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسرور بارزانی: دەزگای سەتەلایتی كوردستان بەردەوامە لە بەجێگەیاندنی ئەركە میدیاییەكەی

هه‌ولێرKDP.info- مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی كوردستان تیڤی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتووە ..

بەڕێزان سەرپەرشتیار و بۆڕدی بەڕێوەبردن و كارمەندانی دەزگای سەتەلایتی كوردستان تیڤی

بەبۆنەی بیست و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی كوردستان تیڤی، پیرۆزبایی لە سەرپەرشتیار و بۆردی بەڕێوەبردن و گشت كارمەندانی دەزگای سەتەلایتی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.

كوردستان تیڤی وەك یەكەمین كەناڵی تەلەڤزیۆنی ئاسمانیی كوردستانی كە لە خاكی كوردستانەوە دەستی بە پەخش كرد، ڕۆڵێكی گرنگ و دیاری لە گەیاندنی پەیامی گەلی كوردستان بە شێوەیەكی ڕاستگۆیانە و پیشەییانە هەبووە، ئێستاش وەك دەزگای سەتەلایتی كوردستان، بەردەوامە لە بەجێگەیاندنی ئەركە میدیاییەكەی لە گەیاندنی زانیاری ڕاست و خزمەتكردنی كولتوور و زمان و هونەری كوردی، هەروەها جێبەجێكردنی ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكەی لە پەرەپێدانی بیری نیشتمانپەروەری و بەیەكەوەژیان و داكۆكیكردن لە ماف و دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان. 

وێڕای پیرۆزبایی، دەستخۆشیتان لێ دەكەم و هیوای پێشكەوتنتان بۆ دەخوازم.

 

مەسرور بارزانی 

جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان 

2023/1/17