Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ژینگەی کوردستان: داوامان کردووە دادگای پاراستنی ژینگە دروست بکرێت

هەولێر-KDP.info- فەرماندەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی، لە ئێستادا بە هۆی دوو هۆکارەوە داربڕین لە هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە، یەکەم هۆشیاریی خەڵک و دووەمیش رێگری هێزەکانمان لە داربڕین. دەشڵێ: "داوامان کردووە لە پێناو زیاتر پاراستنی ژینگە دادگایەکی تایبەت دروست بکرێت و رێنمایی نوێش دەربچێت، بۆ ئەوەی سزای سەرپێچیکارانی ژینگە قورستر بێت".

عەمید سامی سابیر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "لە ئێستادا بە هۆی هۆشیاریی خەڵک و رێگرییەکانی ئێمەوە، داربڕین لە دیاردەوە بووەتە حاڵەت و زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام رەنگە لە هەندێک شوێن حاڵەت هەبێت، ئەویش کەمە، کە ئەگەر ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن، سزایەکی توند دەدرێن لەلایەن دادگاوە، چونکە داربڕین بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، بۆیە تا بتوانین رێگە بە داربڕین نادەین".

سابیر گوتیشی: "ئەمساڵ بە هۆی ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی بەسەر خەڵکی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەش کرد، خەڵک کەمتر پەنا بۆ داربڕین دەبەن، بەڵام ئەو حاڵەتانەی هەشن زیاتر ئەو کەسانە داردەبڕن کە خاوەن باغەکانن، چونکە لەناو باغەکانی خۆیان کوورەی ئاگریان دروست کردووە و پێویستیان بە دار هەیە، بۆیە ئەوان زیاتر ئەو کارە دەکەن".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "هەر کەسێک ئەو کارە بکات ئێمە رێگری لێ دەکەین و دەیدەینە دادگا، کە سزای سەرپێچیکارانیش بەپێی  جۆری سەرپێچی دەگۆڕێت".

دەشڵێ: "باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی بە تەواوی رێگری لە داربڕین بکرێت ئەوەیە، کە دادگایەکی تایبەت دروست بکرێت و رێنمایی نوێش دەربچێت و سزاکان زیاتر قورس بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ قسەمان کردووە، چونکە بوونی دادگایەکی تایبەت بە سەرپێچیکارانی ژینگە زۆر گرنگ و پێویستە، بۆ ئەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان باشتر پارێزگاری لێ بکرێت و بپارێزرێت".

 

بڵند ئیبراهیم