Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە

هەولێر-KDP.info- لە پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە نرخی دۆلار دەکرێت و ئەندامێکی لیژنەی داراییش پێی وایە، کۆبوونەوەی پەرلەمان ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخی دۆلار نابێت و دەشڵێ، لە چەند رۆژی داھاتوودا نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەگەڕێتەوە بۆ نرخی پێشوو.

سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھەوڵ ھەیە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی نرخی دۆلارەوە، بەڵام پێموایە کۆبوونەوەی پەرلەمان ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخی دۆلار نابێت و کۆکردنەوەی واژۆ بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان، سوودی نییە، چونکە پەرلەمان کۆببێتەوە و کۆنەبێتەوە ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە".

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتیشی: "بانکی ناوەندی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی ھەیە و پێشتر چەندین ھەوڵ ھەبوو لە پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانیش بۆ ئەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی کەم بکرێتەوە، بەڵام ھەوڵەکان ھیچ کاریگەرییەکیان نەبوو".

شێروانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بانکی ناوەندی تا ئێستایش دەسەڵاتی خۆی ھەیە و سەرکەوتووە بەسەر نرخی دۆلاردا، ئەوەی چەند رۆژێکە کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕ و نرخی دۆلاری بەرز کردووەتەوە، ھەندێ رێکارە وایان کردووە دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق بەرز ببێتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریش کاتییە و لە چەند رۆژی داھاتوودا نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە رەوشی پێشووی خۆی و بەپێی ئەو نرخەی بانکی ناوەندی دابەشی دەکات، جێگیر دەبێت".

 

قائید میرۆ